ساغكردنه‌وه‌ی دەنگۆ

هیچ خاڵێکی پێشمەرگە له‌ ناوچەی داودە داگیرنه‌كراوه‌

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

ئەمڕۆ شەممە دەنگۆی داگیرکردنی خاڵێکی هێزەکانی پێشمەرگە له‌ سنوری قه‌زاى خورماتوو بڵاوبوەوە، به‌ڵام دواى سۆراغكردنى 964 له‌سه‌ر زارى فه‌رمانده‌كانى پێشمه‌رگه‌، ده‌ركه‌وت هێزێكی سوپاس عێراق به‌مه‌به‌ستى كێوماڵكردنى ناوچه‌كه‌ چوونه‌ته‌ ئه‌و شوێنه‌، نه‌ك خاڵى هێزى پێشمه‌رگه‌یان داگیر كردبێت.

ده‌نگۆكه‌ وا بڵاوكرایه‌وه‌، گوایە هێزێکی سوپای عێراق لە سنوری قوڕی چای نێوان خورماتوو – کفری، جوڵەی پێکراوه‌ و چوونەتە نزیک گوندی قەڵخانلو لە ناوچەی داودە، ئەمەش ترس و دڵەراوکێی لای بەشێکی زۆری دانیشتوانی گوندنشینانی ناوچەکە دروستکردبوو، بەوپێیەی کە دواسنووری سوپای عێراق گوندی خدر وەلی یە لە سنوری خورماتوو، نەک ناوچەی داودە.

حەمە چەوری، فەرماندەی لیوای 731ـی هێزەکانی پێشمەرگە لەسنوری خورماتوو بە964ـی وت، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێکی مغاویری سەر بە سوپای عێراق بەمەبەستی کیوماڵی ناوچەکە، چونەتە سنوری بەشێک لەگوندەکانی ناوچەی داودە بەتایبەت نزیک گوندی قەڵخانلو لەسنوری خورماتوو.

كێوماڵكردنه‌كه‌ گه‌ڕانه‌ به‌دواى چەکدارانی رێکخراوی داعشه‌.

وتیشی “پێشوەختە فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە، لەلایەن فەرماندەکانی سوپای عێراقەوە ئاگادارکراونەتەوە، کە ئەوان دێن و هەندێ چالاکی سەربازی ئەنجامی دەدەن و پاشان دەچنەوە شوێنەکانی خۆیان”.

دڵنیاییش ده‌داته‌ هاوڵاتیانى ناوچەی داودە، كه‌ پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێی ناکات و هیچ مەترسیەک نیە و سنورەکەیان لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەدایە و ده‌شڵێت “ئێمه‌ پارێزەری سەروماڵیانین و هێزەکانی سوپای عێراقیش لەدوای کێوماڵكردنه‌كه‌ دەگەڕێنەوە سنورەکانی خۆیان”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن