دیمەنی کارکردن لە پرۆژەی ئاوی گەڕکی دەرسیم. وێنە.قایمومایەتی دەربەندیخان
هەفتەی داهاتوو پرۆژەی ئەوەکەیان تەواو دەبێت
گەڕەکێکی 500 ماڵەی دەربەندیخان لە بێ ئاوی رزگاریان دەبێت
توانا نەقی
یەکێک لە گەڕەکە گەورەکانی دەربەندیخان خەریکە لە بێ ئاوی رزگاری دەبێت و ئەوەندەی نەماوە پرۆژەی ئاوی گەڕەکەکە تەواو بکرێت.
پرۆژەی راکێشانی ئاوی گەڕەکی دەرسیم – 42 لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای سلێمانی جێبەجێ دەکرێت و هەفتەی داهاتوو تەواو دەبێت.
سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، گەڕەکەکە پێکهاتووە لە نزیکەی 500 ماڵ و بە راکێشانی ئاو بۆ ئەو گەڕەکە بەشێک لە گرفتەکانیان چارەسەر دەبێت.
وتیشی، ئێستا لە 99%ـی پرۆژەکە تەواو بووە و لە قۆناغی کۆتاییدایە، بڕیاریشە لە هەفتەی داهاتوو پرۆژەکە تەواو بێت و سەرجەم ماڵەکانی ئەو گەڕەکە لێی سوودمەندبن.
قایمقام ئاماژەی بەوەشکردووە، گوژمەی پرۆژەکە 430 ملیۆن دینارە و جگەلەوە لەلایەن جێگری سەرۆکی حکومەتەوە 30 ملیۆن دیناری دیکەشی بۆ دانراوە.