لە ناحیەی دێرەلوک

لە بەیانییەوە بۆردومانکردنی چیای مەتینا بەردەوامە

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەوە بە فڕۆکەی جەنگی تۆپبارانی چیای مەتینا دەکرێت لە نزیک ناحیەی دێرەلوک چەندین رەز و باخی هاوڵاتیانیش سووتاوە و بۆردومانەکان تا ئێستا بەردەامی هەیە.

بەقسەی بەرپرسانی ناحیەکە تەنها ئەمرۆ تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50 جار بۆردومانی چیای مەتینا کراوە و ترس و دلەڕاوکێی خستووەتە ناو هاوڵاتیانی ناحیەی دێرەلوک.

مەحمود نهێلی، هاوڵاتیەکی سەنتەری ناحیەی دێرەلوکە بە 964ـی وت، لە بەیانی ئەمرۆوە سوپای تورکیا زۆر بەچڕی تۆپبارانی چیای مەتینای دەست پێکردووە و تاوەکو ئێستاش هەر بەردەوامە، دۆخەکە ئەمڕۆ وای لێهاتبوو هەر شوێنێک ئاگری لێ نەبینرایەوە و شوێنەی تۆپباران دەکرا و ئاگری تێبەردەدرا،

هەر ئەو هاوڵاتییە دیمەنی تۆپبارانەکانی چیای مەتینای تۆمارکردووە و بۆ 964ـی ناردووە.

سەرچاوەیەکی باڵای ناحیەی دێرەلوک بۆ 964 وتی، بۆدومانەکان تا ئێستا بەردەوامە و هیچ جارێک پێشتر ئاوا بەچڕی بۆردومان نەکراون، چەندین رەزو باخی هاوڵاتیان سووتاون و زیانی زۆر مادی هەبووە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، ناشتوانن تیم بنێرن و ئاگرەکان کۆنترۆڵ بکەن بەهۆی نائاسایی دۆخی ئەمنی و بەردەوامی بۆردومانەکان.

ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمشەو چەند گوند و ناوچەیەکی قەندیل بۆردومانکراون و لە پێنجوێنیش بەقسەی چەند شایەتحاڵێک بۆردومان کراوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی