نووسینگەکەی خۆیان کرایەوە

هاوڵاتیانی چەمچەماڵ چیتر پێویست ناکات بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت بچنە سلێمانی

پێشەوا محەمەد

ئەمڕۆ یەکشەممە نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ کرایەوە و بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، لە سبەینێوە لە کاتژمێر نۆ تا دووی دوای نیوەڕۆ دەوام دەکەن و مامەڵەی هاوڵاتیان بەڕێدەکەن.

ئەو نووسینگەیە بە مەبەستی بەئەلیکترۆنیکردنی لە 8.5.2024 کارەکانی راگرت و دوای بەئەلیکترۆنیکردنی ئەمڕۆ کرایەوە.

دڵشاد عوبێد، بەڕێوەبەری نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ بە 964ـی راگەیاند، بۆ دەرهێنانی پێویستە هاوڵاتی کارتی نیشتیمانی و کارتی زانیاریی پێبێت و چەکی بانکییەکەش بەناوی خۆیەوە بێت.

وتیشی، “کار بە سوورەتقەیدی ئەلکترونی و پێناسەی باری شارستانی و رەگەزنامەی عێراقی ناکرێت و پێویستە ئەو هاوڵاتیانەی سەروی 18 ساڵن کارتی بانکی بەناو خۆیانەوە بێت و ئەوانەی خواروی 18 ساڵن دەتوانن کارتی بانکیی باوکیان بەکاربێنن”.

لەو ماوەیەدا کە نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ داخرابوو، هاوڵاتیانی سنوورەکە لە پاسپۆرتی سلێمانی کاری دەرهێنانی پاسپۆرتیان دەکرد.