رێکخراوێکى ئەمەریکیش دەڵێت "وانییە"
گەشتوگوزارى ئامێدى: بەهۆى گرژییەکانەوە هیچ سەیرانگایەک چۆڵنەکراوە
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
چەند رۆژێکە دۆخێکى سەربازى لە سنوورى ئامێدى دروستبووە و دانیشتوانى گوندێک چۆڵیان کردووە، رێکخراوێکى ئەمەریکیش دەڵێت دوو سەیرانگا چۆڵکراون.
دوێنێ هەینی 2024.6.28، بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا و بەردەوامی بوردۆمانی زنجیرەی چیای مەتینا بەشێک لە گوندی دەرگەلێ چۆڵکرا و دانیشتوانى گوندەکانی دەوروبەر ناوێرن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە، لەلایەن هێزەئەمنییەکانی ناوچەکەش ئاگاداری دانیشتووانی دەڤەری بەرواری باڵا کراوە کە ئاگاداربن و هاتوچۆ لە ناو گوند و دەوروبەری گوندەکان نەکەن.
964 سۆراغى بۆ دۆخى گەشتیارى ناوچەکەکرد، سەرچاوەیەکى ئەمنى وتى،”ناوچە گەشتیارییەکان کراوان، بەڵام سەیرانگای گەلیێ بازێ ساڵێکە گەشتیار سەردانی ناکەن بەهۆی ئەوەى شوێنێکی مەترسیدارە و شەڕی بەردەوامی تێدایە”.
ئەو سەرچاوەیە رەتیکردەوە هیچ ناوچەیەکی گەشتیاری چۆڵکرابێت و دۆخەکە کاریگەرى لەسەر کەرتى گەشتیارى کردبێت.
حیکمەت عابد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئامێدی بە 964ـى وت، لەسنووری قەزای ئامێدی 215 سەیرانگا و شوێنی گەشتیاری هەن، هیچ شوێنیکی گەشتیاری دانەخراوە و رۆژانە گەشتیاری ناوەراست و باشووری عیراق سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن.
وتیشی، دەنگۆی داخستنی ناوچەی گەشتیاری لە سنووری ئامێدی راست نییە، بەڵام زیاتر لە ساڵێکە ناوچەی گەشتیاری گەلیێ بازێ لە دەڤەری بەرواری باڵا بەجێهێڵراوە و گەشتیاران سەردانی ناکەن.
“لە بەرواری باڵا سەیرانگای گەشتیاری زۆر بوونى نییە، بۆیە زۆر گەشتیار سەردانی بەرواری باڵا ناکەن “، حیکمەت عابد وای وت.
تیمى کوردستانى رێکخراوى CPT، لە زارى کامەران مەلا عوسمان رێکخەرى تیمەکەوە بە 964ـى وت،”حکومەتى هەرێم بە فەرمى هیچ هۆشدارییەکى نەداوە، تەنیا خەڵک لە نێوان خۆیاندا ئاگادارن و ناچن، بەتایبەت سەیرانگاى گەلى بازێ و گەلى رەشاڤا هیچ گەشتیارێک بۆى ناچێت”.
وەک کامەران عوسمان باسى دەکات، خەڵک ئاگادارکراوەتەوە کە نزیکى گەلى رەشاڤا نەبنەوە، ئەوەش پەیوەندى بەو ئۆپەراسیۆنەوە هەیە کە سوپاى تورکیا لە سنوورەکە ئەنجامى دەدات.