بەر گەوڕێک کەوتووە
گولـلە تۆپێک لە ناحیەى دێرەلووک کەوتە خوارەوە
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
ئێوارەى ئەمڕۆ گولـلە تۆپێک لە ناحیەى دێرەلووک کەوتە خوارە و بەر گەوڕێکى بەخێوکردنى ئاژەڵان کەوتووە.
سەرچاوەیەکی فەرمی لە ناحیەی دێرەلووک بە 964ـى وت، کاتژمێر 7:20 خولەکى ئێوارەى ئەمرۆ، گولـلە تۆپێک لە ناحیەی دێرەلووک کەوتە خوارەوە و ئەوەندە دەنگەکەی بەهێز بووە، ترسێکی یەکجار زۆری لای خەڵک دروستکردووە.
“بۆ یەکەمجارە بوردوومان ئەوەندە نزیک ببێتەوە لە ماڵی هاوڵاتیانی ناحیەکە کە کەمتر لە 150 مەتر لە ماڵان دوور بووە”، ئەو سەرچاوەیە واى بە 964 وت.
چەند رۆژێکە لەشکرکێشى سوپاى تورکیا بۆ سنوورى ئامێدى دەستى پێکردووە و ناوە ناوە شەڕ لە نێوان سوپاى تورکیا و پەکەکە روودەدات، ئەو سەرچاوەیە فەرمییە باسى لەوەکرد، نازانرێت گولـلە تۆپەکە هى چ لایەنێکە.
ئاشکراشى کرد، گولـلە تۆپەکە بەر گەوڕێکى بەخێوکردنى مەڕ و ماڵات کەوتووە کە دەکەوێتە نزیک پڕۆژەى کارەباى دێرەلووک، بەڵام زیانى گیانى نەبووە.
محمود نهێلی هاوڵاتییەکى ناحیەکەیە و قسەى بۆ 964 کردو وتى،”دەنگێکی زۆر بەهێز دێرەلووکی هەژاند و گولـلە تۆپێک لەناو گەوڕێک کەوتە خوارەوە پڕشک و ساچمەکانى بەر دەوروبەرى کەوتووە، ئێستا دۆخەکە ئارامە، بەڵام دەنگە بەهێزەکە ترسێکى زۆرى دروستکردووە.
964 دەزانێت، چەند رۆژێکە ژمارەیەکى زۆرى سەربازانى سوپاى تورکیا بە ئۆتۆمبیل و چەکەوە گەیشتونەتە دەڤەرى بەراوارى باڵا و بازگەیان داناوە، بەپێى ئەو گرتە ڤیدیۆییانەى هاوڵاتیان بۆ 964یان ناردووە، سوپاى تورکیا لە رێگاى نێوان گوندەکان بازگەى داناوە و داواى ناسنامە لە خەڵک دەکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح