مێردمنداڵێک 22 رۆژە بێ سۆراغە

تیمی غەواسی تەقتەقیش چوون بۆ زێی گەورە


ئەحمەد مستەفا

ئەمڕۆ شەممە، تیمی غەواسی تەقتەق، گەیشتنە ناحیەی کەڵەک، ئەوەش بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو مێردمنداڵەی 22 رۆژە ونە و بێ سۆراغە.

تیمەکە بۆ هاوکاری هێزەکانی بەرگریی شارستانی و تیمەکانی غەواس لە ناوچەکە چوون.

ئیوارەی رۆژی شەممە 8.6.2024، مێردمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵان لە زێی گەورە کەوتووەتە ناو ئاوەوە، تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

لەو کاتەوە تائێستا، تیمی غەواسی قەزای خەبات و خۆبەخشانی کەڵەک بەدوای تەرمەکدا دەگەڕێن، عەلی محەمەد یەکێک لە ئەندامی تیمەکان بە 964ی وت، “لێڵی و خوڕی ئاوەکە هۆکار بۆ ئەوەی تائێستا تەرمەکە نەدۆزراوەتەوە، ئەگەرچی بە تێکڕایی ئەم رۆژانە گەڕان بەردەوام بووە”.

پێشتر،  ئامانج محەمەد ئەفسەر و بەرپرسی غەواسەکانی قەزای خەبات بە 964ـی وت، “مێرمنداڵەکە کە تەمەنی 14 ساڵە، کاتژمێر 4:00ـی ئێوارە کەوتووەتە ناو زێی گەورە و گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا بەردەوامە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “مێردمنداڵە بە مەبەستی مەلەکردن چووەتە زێی گەورە”.