دیمهنێكی كاتى دروێنهى جۆ له سنوورى بنهسڵاوه -وێنه: راگهیاندنى كشتوكاڵى ههولێر
کەمتر لە نیوەی پێویستیی هەرێمە
جوتیارەکان لە بەرهەمهێنانی جۆ دوورکەوتوونەتەوە
پێشەوا محەمەد
بەهۆی هەرزانیی نرخەکەیەوە جوتیارانی هەرێمی کوردستان ساڵ بە ساڵ لە بەرهەمهێنانی جۆ دووردەکەونەوە، ئەوە قسەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێرە بۆ 964.
هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 600 هەزار تۆن جۆ هەیە، ساڵی رابردوو کەمتر لە نیوەی بەرهەمهاتووە و ئەوەی دیکەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاوردە کراوە.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر بە 964ـی راگەیاند، کەمبوونەوەی بەرهەمی جۆ ئەوەیە نرخەکەی بەراورد بە گەنم کەمترە و جوتیارانیش زیاتر گەنم بەرهەم دەهێنن وەک لە جۆ.
پێشتر حکومەتی عێراق هاوشێوەی گەنم بەرهەمی جۆی لە جوتیاران دەکڕییەوە، بەڵام لە ساڵی 2014ـەوە کڕینەوەی جۆ راگیراوە.
“ئێستاش خواست لەسەر جۆ لە هەرێم بەرزە، بەڵام بەهۆی بەرهەمنەهێنانییەوە نیوەی زیاتری پێویستیی هەرێم لە دەرەوەی کوردستان هاوردە دەکرێت”، ئەوەش قسەی هێمن سەید مورادە.