ئەمبوڵانسەکانی گەرمیان قەترە بەنزینیان تیانییە

+964
هونەر فارس – گەرمیان

بەهۆی سەرفنەکردنی پارە، لە ئێستادا تەنکی بانزینی ئیسعافەکانی گەرمیان بەتاڵە، بە وتەی بەرپرسانی تەندروستی ئەو دەڤەرە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندورستی گەرمیان بە کەلار و کفرییەوە نزیکەی 20 ئیسعاف لەخۆدەگرێت و رۆژانە بە مەبەستی چارەسەر و بەهۆی خراپی کەرتی تەندروستیەوە لە گەرمیانەوە نەخۆش بۆ سلێمانی دەگوازنەوە.

بە وتەی رەفیق قادر، بەرپرسی کردە پزیشکییەکانی گەرمیان، لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینەییەوە ناتوانن بەنزین بۆ ئیسعافەکان دابین بکەن.

جەختیشیکردەوە، دوێنی شەممە، نەخۆش سەردانی کردوون کە پێویستی بە رەوانەکردن هەبووە بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی، بەڵام نەیانتوانیوە بە ئیسعاف بینێرن بەهۆی بێ بەنزینیەوە.