بەردی بناغەی قیرتاوکردنی دانرا

گرێ کوێرەکەی رێگای مامەجەلکە کۆتایی دێت

964+

توانا نەقی

دوای ئەوەی چەندین جار رێگەیان لە بارهەڵگرەکان دادەخست و ناڕەزایەتییان دەردەبڕی لە خراپی رێگاکەیان ئێستا بەردی بناغەی قیرتاوکردنی رێگای مامەجەلکە – فریز- هیران دانرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، به‌ گوژمه‌ى 3 ملیار و 500 ملیۆن و 895 هەزار دینار بەردی بناغەی پڕۆژەی چاککردنەوە و قیرتاوکردنى رێگای (مامەجەلکە – فریز – هیران) دانرا.

پرۆژەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی هەولێرەوە جێبەجێ دەکرێت.

پارێزگارى هەولێر لە کاتی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکە رایگەیاند، ئەو پڕۆژەیە جگە لەوەى پڕۆژەیەکى گرنگە بۆ ناوچەکە و هاتوچۆى هاوڵاتیان، لە هەمانکاتدا رێگایەکى ستراتیژى و گەشتیارییە و بە جێبەجێکردنى کارئاسانى و خزمەتى زۆر پێشکەش بە ئەو ناوچەیە و پارێزگای هەولێر دەکات.

پڕۆژەی چاککردنەوەی رێگای (مامەجەلکە – فریز – هیران) درێژییەکەى 25 کیلۆمەترە و بریتیە لە لادانی چینی قیری تێکچووی رێگاکە و پاشان رشاندن و پەستانەوەی و ئامادەکردنی چینی Sub-Grade و دروست کردنی فلتەر بۆ ئەو شوێنانەی کە ئاستی ئاوی ژێر زەوی لێی بەرزە و بوویتە هۆکاری تێکچوونی رێگاکە.

هەروەها راخستنی چینێک لە تێکەڵەی جۆری A بە ئەستووری 20 سانتیم و راخستنی چینێک لە بەردی شکاو بە ئەستووری 20 سم و قیڕتاوکردنەوەی رێگاکە.

رێگای مامەجەلکە لەلایەن هاوڵاتیانەوە چەندین جار لەمساڵدا بەرووی بارهەڵگرەکاندا داخراوە  و خەڵکەکەی گلەیی خراپی رێگاکە و زۆری هاتوچۆی بارهەڵگرەکانیان دەکرد لەو رێگایەوە.

رێگای مامەجەلکە بەرووی بارهەڵگرەکان داخرا

رێگای مامەجەلکە بەرووی بارهەڵگرەکان داخرا