نوری مالیکی: تاکە رێگە بۆ چارهسهرى دۆلار رێککەوتنە لەگەڵ ئەمریکا
964+
عادل کانەبی
نوری مالیکی دەڵێت، قاچاخچێتی هۆکاری گرانبوونی نرخی دۆلارە و هیچ چارهسهرێکیشی نییە، جگە لە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا.
رۆژی شەممە، 21ی کانوونی دووەمی 2023، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئافاق، ئاماژەی بەوەکرد “ئەمریکا دۆلار وەک چەک دژی عێراق بەکاردەهێنێت و لە دوورەوە و چاودێری دۆخی عێراق دەکات”.
دەربارەی کەمکردنەوەی رێژەی دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق وتی “عێراق بەشێوەیەکی ناڕێک پارەکانیان حەواڵە دەکەن، ئەمەش کاریگەری درووستکردووە لەسەر ئاستی دۆلار لە عێراقدا”.
ئەو دەڵێت، هیچ چارەسەرێک بۆ قەیرانی دۆلار نییە جگە لە لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا، بۆ ئەوەش شاندێک پێویستە بچێتە واشنتۆن و قسەیان لەگەڵ بکات.
نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە کە خاوەنی زۆرترین ژمارەی کورسی پەرلەمانی عێراقە و گەورەترین هێزە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کە پێکهێنەری سەرەکی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانییە.