پێشتر بە 90 هەزار دینار بوو

پسوڵەی رەسیدی وەرگرتنى گەنمى جوتیاران بۆ دوو ئەوەندە بەرز بووەتەوە

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

لە ئیدارەی راپەڕین بۆ ئەمساڵ وەرەقەی (رصید)ـی گەنم  نرخەکەی لەبازاڕی ڕەش بەرزبووەتەوە بۆ 190 هەزار دینار لە کاتێکدا پێشتر لە نێوان 90 بۆ 100 هەزار دینار بووە.

964 دەزانێت، سەدان جووتیاری دەڤەرەکە، کە خاوەنی بەرهەمی گەنم و زەوی کشتوکاڵین، پەنا دەبەنە بەر کڕینی ئەو پسوڵەیە، چونکە بەهۆی ئەوەی ئەو بڕەی کە بۆیان دیاری کراوە زۆر کەمترە لەو بڕەی کە بەرهەمی دەهێنن.

کۆسرەت ئەحمەد یەکێکە لەو جوتیارانەی کە بۆ رادەستکردنی گەنمەکەی بە سایلۆی بیتوێن وەرەقەی کڕیوە، قسەی بۆ 964 کرد و وتی،”ساڵانە لە وەرزی پاییزدا وەرەقەکان لەلایەن فەرمانگەی کشتوکاڵەوە دابەش دەکرێن، بەڵام چەند ساڵێکە دابەشکردنی وەرەقە بووە بە “واستەوواستەکاری” و پرۆسەکە شەفافانە بەڕێوە ناچێ، بەجۆرێک هەندێک کەس هەیە وەرەقەی بۆ کراوە تەنانەت زەویشی نییە، یان ئێمە بڕێکی کەمتر گەنممان لەو بڕە لێ وەردەگیرێت کە بەرهەمی دەهێنین”.

بە وتەى ئەو جوتیارە،  بۆ رادەستکردنی تەواوی گەنمەکەیان پێویستیان بەوە دەبێت وەرەقە (رصید)ـى گەنم بکڕن، بۆیە بەناچارى و بە بڕە پارەیەکی زۆر وەرەقە لەو کەسانە دەکڕن کە گەنمییان نییە یان بڕێکی کەمتر گەنمییان بەرهەم هێناوە لەوەی کە بۆیان دیاریکراوە.

ئەو جوتیارە روونیشیکردەوە کە ئەو سکاڵای لەلای ئاسایش و قایمقامی پشدەر تۆمار کردووە و بەڵێنیان پێداوە بەدوای بابەتەکەدا بچن و کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن، وەک خۆى دەڵێت: ئەگەر هات و هیچ وەڵامێکم وەرنەگرت ئەوا سکاڵای یاسایی لە دادگا تۆمار دەکەم و لەو نادادپەروەرییە خۆشنابم کە بەرامبەر جوتیارانی دەڤەری راپەڕین دەکرێت.

964 سەبارە بەم بابەتە پەیوەندی بە خالید ئەحمەد بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەڕینەوە کرد، ئەو رایگەیاند: بابەتی نا شەفافی لە بەخشینی وەرەقە بە جوتیار دوورە لە راستییەوە،

وتیشی،” ساڵانە لە مانگی 11 دا جوتیاران سەردانی فەرمانگەکانی کشتوکاڵ دەکەن لە دەڤەرەکە و بەپێی بەڵگەنامە و ئەو رێووشوێنانەی دیاریکراون پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت و ئەو کەسانەشی کە پسوڵەیان بۆ دەکرێت کۆمەڵێک جوتیاری دەڤەرەکەن کە ساڵانە زەوییەکانیان دادەچێنن و ناسراون.

“دەکرێ لەو ژمارە زۆرەی جوتیار هەندێک حاڵەتی تێبکەوێ کە بڕێکی زیاتریان بۆ بێتەوە لەوەی کە بەرهەمی دەهێنن، بەڵام بەگشتی پرۆسەکە بەشەفافی بەڕێوەدەچێت و غەلوغەشی تێدا ناکرێت”، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى راپەڕین واى بە 964 وت.

ئەو پێى وایە،  چەند ساڵێکە بەغدا مامەڵەیەکی سیاسی لەگەڵ جوتیارانی هەرێم دەکات، بڕێکی کەمتر گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەردەگیرێت بەراورد بە ناوچەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق، بەڵام ئەمساڵ بە هەوڵی زۆری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بڕەکە بەرز کرایەوە لە (500 هەزار تۆنەوە کراوە بە 700 هەزار تۆن)، دیاری کردنی رێژەی وەرگیرانی تۆن بۆ هەر جوتیارێک راستەوخۆ لە بەغدادەوە دەکرێت نەک لە هەرێمەوە، بەڵام کۆمەڵێک جوتیار کە گرفتیان بۆ درووست بووە ئەو پڕۆپاگەندانە بڵاو دەکەنەوە کە دوورن لە راستییەوە.

سەبارەت بە فرۆشتنەوەی وەرەقەی گەنمەکە لەلایەن جوتیارانەوە خالید ئەحمەد وتی وتى،”ئەوە شتێک نییە کە تەنیا لە دەڤەری راپەڕین هەبێت، بەڵکو لە شارەکانی تریش ئەم بابەتە هەیە و ئێمەش لێی رازی نین، بەڵام خەڵک هەیە گورچیلەی خۆیشی دەفرۆشی ئێمە ناتوانین رێگری لەوە بکەین”.

“وەرەقە” یان “رصید”ی گەنم پسوڵەیەکە کە لە وەرزی پاییزدا، لەلایەن فەرمانگەکانی کشتوکاڵەوە دەدرێ بە جوتیاران و رێژەی ئەو بڕە گەنمەی تیادا دیاریکراوە کە لە سایلۆکانەوە لێیان وەردەگیرێت.

بۆ ئەمساڵ، لە سەرجەم هەرێمى کوردستان 700 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەردەگیرێت لەو ژمارەیە 43%ـى بەر پارێزگاى سلێمانى دەکەوێت و بۆ هەر دۆنمێک جوتیارانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى 237 کیلۆ گەنمیان لێ وەردەگیرێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

جوتیارانى عەربەت ئاگادار دەکرێنەوە

جوتیارانى عەربەت ئاگادار دەکرێنەوە