بازاڕی ماسیفرۆشان لە خانەقین. فۆتۆ: 964
لە خانەقین نرخی ماسی دوو هێندە بەرزبووەتەوە
+964
راژان باجەڵان – خانەقین
بە مەبەستی پاراستنی سامانی ئاو لە وەرزی هاویندا ، حەوزە بێ مۆڵەتەکانی ماسی لە دیالە رووخێنران و ئەمەش وایکردووە نرخی ماسی بەرزببێتەوە و نرخی بووەتە دوو قات.
ئەبو موستەفا ماسیفرۆشێکە لە شاری خانەقین بۆ 964ی گێڕایەوە، “هەفتەیەک لەمەوپێش نرخی کیلۆیەک ماسی شەبوت لە نێوان پێنج بۆ شەش هەزار بوو، بەڵام ئێستا کیلۆی گەیشتووەتە دە هەزار دینار، هەروەها ماسی جڕی کە جوملەکەی 2500 دینار بوو، ئێستا بووەتە 3500 دینار “ .
هەروەها وتی لەگەڵ گرانبوونی گۆشت و مریشک لە بازاڕدا، ماوەیەک بوو بازاڕی ماسی گەرم بوو، کەچی ئێستا ماسییش گرانبووەوە و خەڵک ئەوەشیان پێ ناکڕێت، جاری وا هەبووە لە سێ رۆژدا یەک تۆن ماسی فرۆشتووە، کەچی ئێستا بە هەمان ماوە دە کیلۆ نافرۆشێت .
ئەحمەد خەلیل هاوڵاتییەکی دانیشتووی خانەقینە بە 964ی وت، حکومەت ویستی چاوەکە بڕێژێت، کەچی کوێری کرد، ویستیان پارێزگاری لە سامانی ئاو بکەن کەچی نرخی ماسییان کردە دوو هێندە و لە هەردوو حاڵەتدا پشتی هاوڵاتیی هەژاریان شکاند .
ئەو ماسییەی لە بازاڕدا هەیە، ئێستا لە شارەکانی بەسڕە و عەماڕەی باشووری عێراقەوە هاتووە و هەندێ جۆری ماسی هەیە ئێستا لەلای فرۆشیاران دەبینرێت کە تەنیا لەو ناوچانە دەژین و راو دەکرێن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا