تاقە ئامێرەکەی MRI لە هەڵەبجە چاککرایەوە

964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە

پاش ئەوەی بۆ ماوەی 10 مانگی رابردوو، تاقە ئامێری MRI لە هەڵەبجە لەکارکەوتبوو، بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی دەست بە چاککردنەوەی ئامێرەکە کراوە و سێشەممە دەکەوێتە کار.

هەردی محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری ئێم ئاڕ ئەی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، لەسەر راسپاردەی وەزارەتی تەندروستی لە لەلایەن کۆمپانیای ئینتقال دەستکراوە بە چاککردنەوەی ئامێرەکە بە تێچووی 160 هەزار دۆلار.

ئامێری MRI بۆ وێنەگرتنی ئەناتۆمی لەشی نەخۆشەکانە و پشكنینێكه‌ بە شێوەی تيشك دەکرێت بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکان.

وتیشی، رۆژی سێشەممە، 24ی کانوونی دووەم، سەنتەرەکە بە رووی هاوڵاتیاندا دەکرێتەوە، بەڵام شێوازی سەردانیکردنی هاوڵاتیان دەگۆڕدرێت بەو پێیەی زیاتر لە 10 مانگە نەخۆش نەبینراوە لە سەنتەرەکەدا.

روونیکردەوە، کە سەرە دانانرێت، هاوڵاتیان هەرکات هاتن دەتوانن تیشک بگرن هەردوو شەفتی بەیانیان و ئێواران نەخۆش دەبینرێت، 10 بۆ 15 کەس لە رۆژێکدا دەتوانێت تیشک بگرێت لە سەنتەرەکەدا.

نرخەکەشی هەمان نرخی پێشووە، 20 هەزار دینار بۆ ئەو کەسانەی لە بەیانیاندا سەردانیان دەکەن و ئەوانەشی ئێواران دەچنە سەنتەرەکە 65 هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت، هەردی محەمەد وا دەڵێت.

پێشتر هاوڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە لە کاتی شکانی ئامێرەکە بە ناچاری روویان لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێم دەکرد، بەڵام ئێستا و پاش چاکبونەوەی ئامێرەکە دەتوانن لە شارەکەی خۆیان تیشک بگرن.