شێرکۆ و کوەیت جیابوونەوە

964

هێمن بەکر

ئەمڕۆ شەممە، یانەی کوەیتی کوەیتی کۆتایی بە گرێبەستەکەی یاریزانی پیشەگەری کورد، شێرکۆ کەریم هێنا.

یانە کوەیتیەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، دەستەی کارگێڕی یانەکە لەگەڵ یاریزانەکە بە رەزامەندی هەردوولا بڕیاریان داوە دەستبەرداری یەکتری ببن.

لای خۆیانەوە، چەند پەڕەیەکی وەرزشی ناسراوی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، کە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی شێرکۆ کەریم دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردنی لە جامی کەنداوی ئەمساڵ.

ئەوە لەکاتێکدایە، شێرکۆ کەریم بۆ ماوەی یەک وەرز و بە بڕی 350 هەزار دۆلاری ئەمریکی پەیوەندی بەو یانە کوەیتیەوە کردبوو، کەچی تەنیا شەش مانگی خایاند.

تۆڕی 964 چەند جارێک پەیوەندی تەلەفۆنی بۆ شێرکۆ کەریم کرد، بەڵام بەردەست نەبوو.

شێرکۆ کەریم لەدایکبووی شاری کەرکوکە (1996) و یەکەم دەرکەوتنی لەگەڵ یانەی کەرکوک بووە، هەروەها لە خولی عێراقی بۆ یانەکانی هەولێر و شورتە یاری کردووە، دواتریش وەک پیشەگەرێک لە یانەی گراسپور زیوریخی سویسری یاری کردووە.