کارمەندێکی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لەکاتی هەڵگرتنەوەی تۆڕێکی راوکردندا. فۆتۆ: پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
1500 ماسی دەستیبەسەردا گیراوە
لە وەرزی قەدەغەی راوەماسیدا لە سلێمانی 80 کەس دەستگیر کراون
964+
ژووری هەواڵ
لە ماوەی سێ مانگ و 15 رۆژدا، 80 کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەسەر راوکردنی ماسی لە وەرزی قەدەغەدا دەستگیر کراون.
بە گوێرەی ئاماری پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20.6.2024 بڵاوکراوەتەوە، لە وەرزی قەدەغەی راوەماسیدا نزیکەی یەک هەزار و 500 ماسی راوکراو دەستیانبەسەردا گیراوە و 80 کەسیش دەستگیر کراون.
سەدان ماسی دیکەش کە زیندوو بوون، لە تۆڕەکان لێکراونەتەوە و دووبارە خراونەتەوە ناو دەریاچە و رووبارەکان.
هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لەگەڵ ئەوەی قەدەغەی راوەماسی هەڵگیرا، بەڵام لە هەموو کات و ساتێکدا راوکردنی ماسی بە بەکارهێنانی (ژەهر، کارەبا، هەموو جۆرە تەقەمەنییەک) قەدەغەیە و بەکارهێنەرانی رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
ئاماری چالاکییەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە ماوەی سێ مانگ و پانزە رۆژی قەدەغەی راوی ماسیدا بەم جۆرە بووە:
80 هاوڵاتی تەنیا لەسەر راوکردنی ماسی دەستگیر کراون
674 تۆڕی قەبارە جیاواز دەستی بەسەردا گیراوە
نزیکەی 1500 ماسی راوکراو دەستی بەسەردا گیراوە
سەدان ماسی زیندوو لە تۆڕەکان لێکرانەوە و دووبارە خراونەتەوە ناو دەریاچە و رووبارەکان
17 بەلەمی هەمەجۆر دەستی بەسەردا گیراوە
23 سەوڵ دەستی بەسەردا گیراوە
چوار چووپ دەستی بەسەردا گیراوە
دوو ماتۆڕی بەلەم دەستی بەسەردا گیراوە
10 شەداو دەستی بەسەردا گیراوە
32 قولاپ دەستی بەسەردا گیراوە
دوو مۆلیدە و 30 مەتر وایەر دەستی بەسەردا گیراوە
هەشت ماتۆرسکیل دەستی بەسەردا گیراوە
شەش ئۆتۆمۆبیل دەستی بەسەردا گیراوە
سێ چەکی جۆری کڵاشینکۆف و 86 فیشەکی کڵاشینکۆف دەستی بەسەردا گیراوە
نیو کیلۆ ژەهر دەستی بەسەردا گیراوە