لە دهۆک سێ کتێبخانە بە رووی خەڵک و قوتابیان داخراون

964+
عەمار عەزیز – دهۆک

کتێبخانەکانی قەزای سێمێل و ناحیەی بامەڕنێ و ناحیەی مانگێش، لە ساڵی 2021 بەهۆی نەبوونی کارمەند و پاڵپشتی دارایی داخراون، دیار نییە کەی کێشەکانیان چارەسەردەکرێت و بەرووی خوێنەراندا دەکرێتەوە.

شێرزاد عومەر، بەڕێوەبەری کارگێڕی کتێبخانەکانی پارێزگای دهوک بە 964+ی وت “کێشەی سەرەکیمان کەمی فەرمانبەرە، کتێبخانەی گشتی قەزای سێمێل بەهۆی نەبوونی کارمەندەوە لە پارەوە داخراوە”.

کتێبخانەی ناحیەی مانگێش، بە هەمان شێوە دوو کارمەندی هەبوو هەردووکیان خۆبەخش بوون، لە ساڵی 2021وە وازیان هێناوە و ناچاربوون کتێبخانەکە دابخەن.

شێرزاد عومەر روونیشیکردەوە “کتێبخانەی ناحیەی بامەڕنێ بە هەمانشێوە دوو کارمەندمان هەبوو، یەکێکیان تەنسیب بوو گەڕایەوە بۆ فەرمانگەکەی خۆی، ئەوەی تر خۆبەخش بوو لە 2021وە وازی لە دەوام هێنا و ناچاربووین ئەویشمان داخست”.

964+ دەزانێت، لە سنوری پارێزگای دهۆک هەشت کتێبخانەی گشتی هەن، ئێستا تەنیا پێنج کتێبخانە کراوەن، بە گشتی نزیکەی 100 هەزار ناونیشانی کتێب لەو کتێبخانانە هەن.

دیاری عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانەکانی هەرێمی کوردستان بە 964+ی وت “هۆکارەکە بۆ کەمی کارمەند و پاڵپشتی دارایی دەگەڕێتەوە، سەرووی خۆشمان ئاگادار کردووەتەوە، ئەوەی لە ئەستۆ و توانای ئێمە بێت بۆ کتێبخانەکانی سنووری پارێزگای دهۆکی دەکەین”.

بە نوسراوی فەرمی داوا لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە چەند کارمەندێک بۆ کتێبخانەکان بەشێوەی گرێبەست دابین بکەن، بەڵم ئەوە دوو ساڵە چاوەڕێن و هیچ وەڵامێک نەدراونەتەوە، شێرزاد عومەر، وا دەڵێت.