لە هەولێر ژمارەکە کەمترە
یەکەم رۆژی جەژن کوشتارگەی سلێمانی 655 سەر ئاژەڵی قوربانی سەربڕیوە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا کوشتارگەی سلێمانی 600 سەر ئاژەڵی بچووک و 55 سەر ئاژەڵی گەورەی بۆ قوربانی سەربڕیوە.
کوشتارگەکە هەر چوار رۆژەکەی جەژن کراوە دەبێت و داواش لە هاوڵاتیان دەکەن لای ئەوان قوربانییەکانیان بکەن.
محەمەد محێدین، بەڕێوەبەری کارگێڕی کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی بە 964ـى راگەیاند، ئەو رێژە ئاژەڵەی سەربڕداوە بەشێکی هی هاوڵاتیان بووە و بەشێکیشی هی رێکخراوە خێرخوازییەکان بووە.
وتیشی،”باشترە هاوڵاتیان لە کوشتارگەکە ئاژەڵی قوربانییەکانیان سەرببڕن، چونکە دوور دەبن لە نەخۆشی و لای ئێمەش هەموو جۆرە پشکنینەکان بۆ ئاژەڵەکە و دوای سەربڕینیش بۆ گۆشتەکەی دەکرێت و پاشان دەدرێتەوە بە خاوەنەکەی”.
لە کوشتارگەکە خزمەتگوزاریی بەش بەش کردن و گەیاندنیشیان هەیە.
بەڕێوەبەری کارگێڕی کوشتارگەکە وتیشی، “لای ئێمە ئاژەڵی بچووک بە شەش هەزار دینار و هی گەورەش بە 25 هەزار دینار سەردەبڕین”.
ئەوەش لە کاتێکدایە، سەربڕینى ئاژەڵ لە کوشتارگەى هاوچەرخى هەولێر تا کاتژمێرەکانى کۆتایى نەگەیشتوو بە 250 سەر ئاژەڵ و بەڕێوەبەرى کوشتارگەکەش بە 964ـى وت، سەربڕین لە کوشتارگەکە بۆ ئەم جەژنە زۆر کەمتر بووە لە پار و ساڵانى رابردوو.