له‌وه‌ته‌ى دروستكراوه زیاتر له 80 سانتیمه‌تر لاربووه‌ته‌وه
كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى لاربوونه‌وه‌ى مناره‌ى چۆڵى هه‌ولێر ده‌كرێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
شوێنه‌وارى هه‌رێم كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى لاربوونه‌وه‌ى مناره‌ى چۆڵى هه‌ولێر ده‌كات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌كی راسپاردووه له هۆكاره‌كانى ئه‌م لاربوونه‌وه‌یه بزانن.
به‌پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان، مناره‌ى چۆلى ته‌مه‌نى نزیكه‌ى 850 ساڵ ده‌بێت و له سه‌رده‌مى حاكمى هه‌ولێر سوڵتان موزه‌فه‌ره‌ددین كۆكبه‌رى (1192-1232) دروستكراوه.
له ناوه‌وه‌ى مناره‌كه دوو په‌یژه‌ى لوله‌یى هه‌یه و به‌ده‌ورى ستونێكدا ده‌خولێنه‌وه كه تیر ه‌كه‌ى نزیكه‌ى 70 سانتیمه‌تره. به‌رزییه‌كه‌ى زیاتر له 33 مه‌تره.
مناره‌كه لاربوونه‌وه‌یه‌كى به‌رچاوى پێوه‌دیاره و له‌ساڵى 2007 كاتێك كۆمپانیایه‌كى چیكى به‌ناوى (گێما ئارت گروپ) كارى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى بۆ ئه‌نجامدا رایگه‌یاند كه لاربوونه‌وه‌ى مناره‌كه له لووتكه‌كه‌یدا ده‌گاته 81 سانتیمه‌تر.
لاربوونه‌وه‌ى مناره‌كه به‌ره‌و باشورى رۆژئاوایه.
پێشتر كۆمپانیا چیكییه‌كه كارى له‌سه‌ر ئه‌و لاربوونه‌وه‌یه كردبوو ئه‌ویش به تێبینى كردنیان به‌بوونى ئاوێكی لیتاو له قوڵایی 1.5 مه‌تر له ژێر مناره‌كه و بۆیان ده‌ركه‌وتبوو كه ئه‌و ئاوى په‌یوه‌ندی به ئاوى پاشه‌ڕۆی ئه‌و گه‌ڕه‌كه نییه كه له مناره‌كه‌وه نزیكه، به‌ڵكو هۆكاره‌كه‌ى ئاودانى زۆرى باخچه و سه‌وزاییه‌كانى چوارده‌ورى مناره‌كه‌یه.
كه‌یفی مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى شوێنه‌وارى هه‌رێم به 964ـى راگه‌یاند، ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه لیژنه‌یه‌كیان راسپاردووه بۆ ئه‌وه‌ى هۆكارى راسته‌قینه‌ى لاربوونه‌وه‌ى مناره‌كه بزانن.
وتیشى “هه‌رچه‌نده باس له بوونى ئاوێكی زۆر له ژێر مناره‌كه ده‌كرێت، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت زیاتر دڵنیاببینه‌وه له هۆكارى لاربوونه‌وه‌كه‌ى”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌یانه‌وێت ئه‌م مناره‌یه پارێزراوبێت و هیچ مه‌ترسییه‌كی له‌سه‌ر نه‌مێنێت.