دوای جەژن دابەشدەکرێت

حکومەتی عێراق 20 ملیار دیناری بۆ جوتیارانی هەرێم نارد

964+

ژووری هەواڵ

حکومەتی عێراق وەجبەی دووەمی پارەی گەنمی جوتیارانی بۆ هەرێمی کوردستان نارد و دابەشدەکرێت بەسەر هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک.

ئەمڕۆ هەینی 14.6.2024، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان بە 964ـی راگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی ئەمجارە بەغدا ناردوویەتی 20 ملیار دینارە و لەدوای جەژنی قوربان رێکارەکانی دابەشکردنی دەستپێدەکات.

لەو 20 ملیار دینارە، 10 ملیار دیناری بۆ جوتیارانی سلێمانییە، شەش ملیار دیناری بۆ جوتیارانی هەولێرە و چوار ملیار دینارەکەی دیکەش بۆ پارێزگای دهۆکە.

دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیاران دەستیپێکرد و لە ئەمڕۆوە هەر جوتیارێک گەنمی رادەستی سایلۆکان کردبێت، دەتوانێت بچێت چەکی پارەکەی وەربگرێت.

پێشتریش حکومەتی عێراق شەش ملیار دیناری دیکەی بۆ هەمان مەبەست ناردبوو، کە سێ ملیار دیناری بۆ پارێزگای سلێمانییە و سێ ملیار دینارەکەی دیکەش بۆ پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکە.