8 کەسیش بریندارن
7 کاتژمێرە ئاگرەکەی پاڵاوگەی هەولێر بەردەوامە
964+
میدیا گۆران
لە ئاگرەکەی پاڵاوگەی سەر رێگای هەولێر – گوێڕ هەشت کۆگای سووتەمەنی و چوار تانکەر سووتاون، هەشت کەسیش بریندارن جگە لەمانەش سێ ئۆتۆمبێلی بەرگری شارستانی بەتەواوەتی سووتاون.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 12.6.2024 ئاگرێک لە یەکێک لە پاڵاوگەکانی نەوت لەسەر رێگای هەولێر – گوێڕ کەوتەوە و تا ئێستا 13.6.2024 کاتژمێر 3:00ـى بەرەبەیان ئاگرەکە بەردەوامە، بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری 964 ئەحمەد شەمزین لە شوێنی رووداوەکە کە لە بەرگری شارستانی وەریگرتووە، تا ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە سات بە سات گەورەتر دەبێت و تەشەنە دەسەنێت.
تیمی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـیان وت، تا ئێستا 8 کەس بریندارن و نێردراون بۆ نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی و نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر.
سەرچاوەیەک لە تیمی بەرگری شارستانی ئەوەشی بە 964 راگەیاند، 3 ئۆتۆمبێلی بەرگری شارستانی بەتەواوەتی سووتاوە کە یەکێکیان تایبەتە بە فڕۆکەخانەی هەولێر، تا ئێستا ناتوانین کۆپتەری تایبەت بەکاربێنین بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەهۆی بەرزی و گەرمی ئاگرەکە، چونکە مەترسی بۆ تەقینەوەی کۆپتەرەکە دروست دەکات تەناتە لەبەر دووکەڵە چڕەکەش ناتوانن هیچ ببینن.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری 964، تا ئێستا 40 تیمی بەرگری شارستانی هەولێر و دەوروبەرى لە پاڵاوگەکەن و هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن، لەلایەکی تریش تیمێکی تایبەت خەریکی دروستکردنی خەندەق و رێڕەون تابتوانن رێگری لە تەشەنە سەندی ئاگرەکە بکەن بۆ پاڵاوگە و خەزانەکانی تر.
پەیامنێرمان شۆرش عەبدوڵا لە زاری سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر دەڵێت، تا ئێستا شەش برینداریان هێناوە بۆ ئێرە و یەکێکیان برینەکەی قورسە جگە لە سووتان پشتیشی شکاوە.
ئەم پاڵاوگەیە کە سەر بە کۆمپانیای مەجد ئەلعێڕاقە، هەم عەمباری نەوتی خاوی تیادا بووە و هەمیش شوێنی تانکی دروستکردن بووە.