شەقامێکی 30 مەتری بۆ کەلار دروستدەکرێت
+964
میلاد جەلال -گەرمیان
بڕیارە لە ماوەی 200 رۆژدا، شەقامێکی 30 مەتری لە کەلار دروستبکرێت، شەقامەکە دوو سایدە، بەگوتەی بەرپرسانی شارەوانی قەرەباڵغییەکی زۆری ئەو شارە کەمدەکاتەوە.
شەقامەکە، قەزای کەلار بە ناحیەی رزگاری دەبەستێتەوە، درێژییەکەی 1080 مەترە.
دلێر محەمەد، بەرپرسی بەشی پرۆژەکان لە شارەوانی کەلار بە تۆڕی 964ی وت “پڕۆژەکە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان دروست دەکرێت، بڕی 813,350,000 دیناری بۆ تەرخانکراوە، دەبێت بەڵێندەر بە ماوەی 200 رۆژ تەواوی بکات”.
بە تەواوبوونی شەقامە 30 مەترییەکە، هەریەکە لە گەڕەکەکانی ئەندازیاران، رزگاری، گەرمیان، ئەنفال و شارەوانی دوو، لەم پرۆژەیە سوودمەند دەبن.
لە قەزای کەلار ھەشت شەقامی سەرەکی ھەیە، بە تەواوبوونی شەقامە 30 مەترییەکەش قەرەباڵغی ناوشار کەمدەبێتەوە.