باڵەخانەی پزیشکی دادی دهۆک _ وێنە: 964
چیرۆکی رووداوەکە چۆن بووە؟
پیاوێک کە باوکی 10 منداڵە “کوژرا”
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
درەنگانی شەوی رابردوو، تەرمی پیاوێکی تەمەن 55 ساڵی خەڵکی گوندی مێسکا لە ناوچەی بەرواریانی ناحیەی کانی ماسێ گەیەندرایە پزیشکی دادی دهۆک، “گوایە ئەم پیاوە لە ناو ماڵەکەی خۆیدا کوژراوە”.
پەیامنێری 964 لە دهۆک سۆراغی بابەتەکەی کرد و لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کرد، “چۆن کوژراوە و چیرۆکەکەی چۆن بووە”.
باوکی دوو کوڕ و هەشت کچە
کوژراوەکە ناوی، “شەعبان محەمەد یاسین”ە، تەمەنی 55 ساڵە و شۆفێرە لە شارەوانی کۆمەڵگای بریفکا سەر بە ناحیەی کانی ماسێ، خێزاندارە و خاوەن 10 منداڵەم ئەوانیش دوو کوڕ و هەشت کچن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12.6.2024، جەمیل محەمەد، برای کوژراوەکە بە 964ی وت، “دوێنی سێشەممە 11.6.2024، براکەم لە ماڵی خۆی داوای لێکردووم، خێزانی و منداڵەکانی لەگەڵ خۆمدا ببەم بۆ دهۆک تا جەژن لەوێ بکەن، ئەویش کە دەوامی تەواو بوو لە فەرمانگەکەی لە کۆمەڵگەی بریفکاوە دێتەوە بۆ ناو دهۆک”.
لە پەنجەرەوە سۆراغی نەبوو تا دەرگای ژوورەکەیان کردووەتەوە
ئەو برایەی کە هۆکاری رووداوەکە لەلای روون نییە وتی، “کاتژمێر 6:49ی دوێنێ ئێوارە، خوارزاکەم دەرواتە ماڵی براکەم لە گوند بۆ ئەوەی چەند میوەیەک لە گوند بهێنن و سەردانی ئەویش”براکەم” بکەن، بەڵام پەیوەندی پێوە دەکەن و بانگی دەکەن وەڵامیان ناداتەوە”.
“داوام لێکردن، لە پەنجەرەی گەڕەکەوە تەماشای بکەن لە ماڵە یاخود نا، بەڵام هیچ دیار نەبووە کاتێک دەرگای سەرەکی ماڵەکەی دەکەنەوە و دەچنە ژوورەوە دەبینن براکەم لە خوێندا خەریکە وون دەبێت، بە جۆرێک کوژراوە، کە نیشانەی لێدانی زەبری زۆر سەخت بەر سەری کەوتووە و لە شوێنی خۆیدا گیانی لەدەستداوە”، جەمیل محەمەد وای وت.
پزیشکی داد راپۆرتی بە پۆلیس داوە و تەرمەکەش بە کەسوکاری
تاوەکو ئێستا، کەسوکارەکەی “نازانن بکەر کێیە و بۆچی ئەم رووداوە بەسەر شەعباندا هاتووە”، جەمیلی برای لە درێژەی گێرانەوەی چیرۆکی رووداوەکە ئەوەی وت، “نازانین تاوانبارەکە کێیە و چۆن و لەبەرچی وای لێ کردووە، گومانمان لەکەسیش نییە و تەنیا سکاڵامان تۆمارکردووە”.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پزیشکی داد لە دهۆک، لە بارەی روووداوەکە بە 964ی وت، “شەوی رابردوو نزیک کاتژمێر 11:00ی شەو تەرمی کەسێک بەناوی شەعبان محەمەد، گەیثندرایە پزیشکی دادی دهۆک و لە لێکۆڵینەوەکانی پزیشکی دا دەرکەوتووە کوژراوە و زەبری سەخت بەر سەری کەوتووە، پاش گەڕاندنەوەی راپۆرت بۆ دەزگا ئەمنییەکان، تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا