ئۆتۆمبێلە بچوکەکە تۆزیکى لێماوەتەوە

 لە رووداوێکى سەختى هاتوچۆدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەنزیک ناحیەی سلێمان بەگ روداوێکی سەختى هاتوچۆ روویدا و بەهۆیەوە شۆفێرى هەردوو ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستدا.

عەمید موئەیەد عەباس، بەڕێوەبەری هاتوچۆی خورماتوو بە964ـی وت،”جۆری رووداوەکە پێکدادان بووە لە نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی جۆری سەمەند، بەهۆیەوە هەردوو شۆفێرەکەی گیانیان لەدەست داوە”.

روونیکردەوە، بارهەڵگرەکە لە بەغداوە بەئاڕاستەی کەرکوک رۆیشتووەو ئۆتۆمبێلەکەی تریش لە خورماتوووە بەرەو کفری چووە، لەنزیک ناحیەی سلێمان بەگ بەهۆى ئەوەى بارهەڵگرەکە کۆنتڕۆڵى لەدەستداوە ئاراستەى گۆڕیوە و لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکەى دیکە بەیەکیانداداوە، بەشێوەیەک بارهەڵگرەکە کەوتووەتە سەر ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە و هەردوو شۆفێرەکەش گیانیان لەدەستداوە.

هاتوچۆى خورماتوو ئاشکراى کردووە، شۆفێرى ئۆتۆمبێلە تایبەتەگە دانیشتوى قەزاى کفرییە و شۆفێرى بارهەڵگرەکەش دانیشتوى قەزاى حەویجەیە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح