تایبەتمەندییەکانیان چییە؟
دەزگای مین داوای دامەزراندنی 500 کارمەندی بێبڕوانامەیان دەکات
964+
پێشەوا محەمەد
دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەرێم 500 کارمەندی گرێبەستی هەیە، کە بڕوانامەیان نییە و دەزگاکەش داوا دەکات لە پڕۆسەی بە هەمیشەییکردنی دامەزراوانی گرێبەست ئەوانیش بکرێن بە هەمیشەیی.
ئەو 500 کارمەندە پێیان دەوترێت کارمەندی کێڵگەیی، کە پێشتر بڕوانامەی فێربوونی کارەکەیان وەرگرتووە و ئەزموونیشیان لە کارەکەیاندا هەیە.
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای مین بۆ 964ـی ئاشکرا کرد، داوایان کردووە تایبەتمەندیی مەترسیی کاری ئەو کارمەندانە لەبەرچاو بگیرێت و بکرێن بە هەمیشەیی.
وتیشی، “لیژنەیەکمان پێکهێناوە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ دەکەین بۆ ئەو پرسە، چونکە ئەگەر بە بڕوانامە بێت ئەوانە هیچیان دانامەزرێن و تێشیدایە 27 ساڵە کاردەکات”.
دەزگاکە 970 کارمەندی هەیە، بەشێکیان گرێبەستی کێڵگەیین و مین هەڵدەگرنەوە، بەشێکیان گرێبەستی ئۆفیسن و بەشێکیشیان هەمیشەیین.
“ئێمە زۆر پێویستمان بەو 500 کارمەندە هەیە و هەر ئەوانیشن کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە مین پاک دەکەنەوە”، ئەوەش قسەی جەبار مستەفایە.