لەترسى باران و لافاو

دەوامى سەرجەم قوتابخانەکانى عێراق بۆ ماوەى دوو رۆژ راگیرا

وریا فەتاح

وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاریدا دەوامی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانەکانی وڵات بۆ ماوەی دوو رۆژ رابگرێت، ئەمەش بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی کەشوهەوا و بۆ پاراستنی سەلامەتیی قوتابیان.

بەپێى بڕیارەکە، چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە (25 و 26ـی ئازاری 2026) لە هەموو پارێزگاکان دەوامى قوتابخانەکان، راگیراوە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم پشووە و تەواوکردنی مەنهەجی خوێندن، رۆژانی شەممەی داهاتوو دەکرێتە دەوام.

بڕیارەکە دوای هۆشدارییەکانی کەشناسی و بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر ژیانی قوتابیان لە کاتی هاتووچۆدا دراوە و هەموو ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دەگرێتەوە.