"خوشک و براکانم چوونەتەوە بۆ گوند"
کارەبا، ئاوی ماڵانی لە دوزخورماتوو کردووە بە دوو هەفتە جارێک
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ژمارەیەک دانیشتووی گەڕەکی کۆماری لە دوزخورماتوو، ئاهوناڵەی بێ ئاوی زۆری بۆ هێناون و پەیامنێری 964 یان بانگکردووە تا لە رێگەیەوە کێشەکەیان بگەیەنن.
چەند رۆژێکە زۆرێک لە گەڕەکەکانی دوزخورماتوو بێ ئاون، کۆڵان هەیە دوو هەفتەجارێک و کۆڵانی دیکە هەیە هەفتەی جارێک ئاویان پێ دەگات، ماڵیش هەیە 15 رۆژە ئاوی خواردنەوەی پێ نەگەیشتووە.
ئەو هاوڵاتییانەی کە قسەیان بۆ 964 کردووە دەڵێن، “ئیدارەی شارەکە وتوویەتی، بێ ئاوییەکەتان ناهێڵین، بەڵام بەڵێنەکەیان تائێستا جێبەجێ نەکردووە، نازانین کەی جێبەجێی دەکەن” لە کاتێکدا پێشتر دوو رۆژ جارێک ئاومان پێگەیشتووە.
هاوڵاتییەکەی دیکەیان کە خوشک و برای لە بێ ئاویدا لە دوزخوماتووە چوونەتەوە بۆ گوندەکەیان، دەڵێت، “ناتوانین هەموو رۆژێک ئاو بکڕین، داواکارین حکومەتی هەرێم بێت یان حکومەتی عێراق کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکەن”.
964 پەیوەندی بە ئیسماعیل مستەفا، بەڕێوەبەری فەمانگەی ئاوی دوزخورماتوو کرد، ئەو وتی، “کێشەکە لای ئەوان نییە، کەمیی پێدانی کارەبا بە وێستگەی دابەشکردنی ئاو لە ناو پڕۆژە ئاوەکە، وای کردووە کە ئامێر و ماتۆڕەکانی پێدانی ئاو بە قەزاکە وەک پێویست کار نەکەن”،
ئەو بەڕێوەبەر باسی لەوەکرد، “لە کاتی چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی کارەبا، وێستگەی پێدانی ئاو و کارەبای پڕژەکە دەچێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و کێشەی کەمیی ئاویش چارەسەر دەبێت و لەهەوڵیشدان بۆ چارەسەرکردنی”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا