ژینگە داوای لە ئەوقاف کردووە
قەرارە لە وتاری هەینی خەڵک هانبدرێن جاڕی گەنم نەسووتێنن
964+
ئەحمەد مستەفا
داوا لە ئەوقافی هەڵەبجە کرا، لە وتاری نوێژی هەینی خەڵک هان بدەن “جاڕ و پاشماوەی دروێنەوەی گەنم” نەسووتێنن، چونکە زیانی ژینگەیی هەیە و چەندین ئاژەڵ و گیانلەبەر بەخۆیەوە دەسووتێنێ.
سووتانی بەشێک لەو جاڕ و زەوییانە، بەهۆی ئەوەیە جوتیاران زەوییەکانیان بۆ کونجی، پەموو و ژمارەیەک بەرهەمی دیکە بەکاریبهێننەوە.
سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “پاش دروێنەکردنی بەرهەمی گەنمی جوتیاران، بابەتی سووتاندنی جاڕی گەنمەکان بەرەو دیاردە دەڕوات، ئەمەش بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە ژینگە و پیسكردنی هەوا، سووتانی ئاژەڵانی كێوی و موڵكی تایبەتی كەسەكان و مەڕو ماڵات”.
ئەوەشی وت، “فەرمانگەکەیان، داواکاری ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پارێزگای هەڵەبجە کردووە، بە مەبەستی ئەوەی لە وتاری هەینیدا، مامۆستایانی ئایینی ئەو هۆشیارییە بڵاوبکەنەوە بۆ هاوڵاتیان و جوتیاران و پاشماوەی جاڕ و گەنمەکانیان نەسووتێنن”.
رۆژی 9.6.2024، لە گوندی حاسڵ و لە قەزای شارەزوور زیاتر لە 200 سەر ئاژەڵی سێ ماڵ، بەهۆی ئاگری پاشماوەی جاڕە گەنمەکان سووتان، رۆژانەش هەواڵی کەوتنەوەی ئاگر و سووتانی جاڕی گەنم مانشێتی میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.
دەقی داواکاری ژینگەی هەڵەبجە لە ئەوقاف؛