جۆرێک لە شیری منداڵان _ وێنە: پێگەی Google
"زمانی شێواندووە"
ریکلام بۆ شیرێک راگیرا؛ گاوانی کردووە بە شوان
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی رۆشنبیری، ریکلامکردنی بۆ جۆرە شیرێکی هۆڵەندی لە کەناڵەکانی راگەیاندنی هەرێمی کوردستان راگرت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی، “لەناو ریکلامەکەدا زمانی کوردی شێوێندراوە”.
بڕیارەکە زیاتر لەبەر بەکارهێنانی وشە “شوان” لەبری “گاوان”، دەرچوێندراوە، ئەو کۆمپانيايە کە جۆرە شیرێکی هۆڵەندی لە کوردستان دەفرۆشێ و رۆژانە لە کەناڵە راگەياندن ريکلامی بۆ دەکرێ، “باسی ئەوە دەکات کە شيرەکە هۆڵەنديە، مانگاکە هۆڵەنديە و شوانەکەشی هۆڵەنديە”.
بە گوێرەی سۆراغی 964، وەک نارەزایەتی دەربڕین لە بەرانبەر ناوەڕۆکی ریکلامەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک داوای هەڵوێستی وەزارەتی رۆشنبیری کراوە، بەهۆکاری ئەوەی لە ریکلامەکەدا، “باسی مانگا دەکرێت و وێنەی مانگا و ژنێکی ئەوروپی پيشان دەدات، کە مانگا دەدۆشی، بەو سیفاتەش ژنەکە گاوانە، بەڵام دەڵێ شوانەکەشی هۆڵەنديە”.
وەزارەتی رۆشنبیری بە گوێرەی بڕیارێک کە واژۆی شێروان عەوڵا خورشید، بەرێوەبەری چاپ و بڵاوکردنەوەی لەسەرە، پابەندی هەموو دەزگا میدیایی و بیستراوەکانی کردووە، پەخشکردنی ریکلامەکە رابگرن، کە رۆژی 10.6.2024 دەرچوێندراوە.
شێروان عەوڵا، لە بارەی ناوەڕۆکی بڕیارەکە ئەوەی بە 964 وت، “پێویستە سەرجەم ریکلامە بازرگانییەکان لەژێر رێنمایی و بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، وە دابونەریت، زمان و رەسەنایەتی کوردی رەچاو بکرێت تێیدا”، بڕیارەکە پاڵپشت بە یاسای ژمارەی 4ی ساڵی 2019ی رێکخستنی ریکلامی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان دەرچوێندراوە.
بە قسەی شێروان عەوڵا، داوایان کردووە تاو ئەوکاتەی خاوەن کۆمپانیای هاوردەکاری شیر، ریکلامەکە رادەستدەکاتەوە، پەخشکردنی ریکلامەکە رابگیرێ، “بەپێچەوانەوە بە گوێرەی حوکمە سزاییەکان، سزای کۆمپانیا و دەزگا میدیاییەکان دەکرێ”.
دەقی بڕیارەکەی وەزارەتی رۆشنبیری؛