"کیلۆمەتر و کاتیش دەخوێنێتەوە"

سیستمەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ تاکسییەکان چییە؟

964+

پێشەوا محەمەد

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم بڕیاری داوە رێگەپێو بۆ تاکسییەکانی کوردستان دابنێت، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی دەڵێت، سیستمەکە لە سوودی شۆفێر و سەرنشینیشە.

بە پێی ئەو زانیارییەی 964 لە گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانییەوە وەریگرتووە، سیستمەکە لەگەڵ سەرکەوتنی سەرنشین و بەڕێکەوتنی ئۆتۆمبێلەکە کاری پێدەکرێت و کات و کیلۆمەتریش لێکدەداتەوە و لە کاتی گەیشتندا ئەو نرخە لەسەر شاشەکە دەنووسێت، کە تێچووی گەیاندنی سەرنشینەکە بووە.

سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی بە 964ـی وت، “سیستمەکە هەم سەرنشین لە کێشە و گرفتەکانی شۆفێر رزگار دەکات و هەم شۆفێری تاکسییەکانیش دەگەیەنێت بە حەقی خۆیان”.

کارپێکردنی رێگەپێوەکە پێویستی بە دەرکردنی رێنماییە و ئێستا وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکانی گواستنەوە سەرقاڵی ئەو رێنماییەن.

964 پرسیاری ئەوەی لە بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی کرد، ئاخۆ نرخەکان چۆن دیاری دەکرێن و چەند دەبێت، ئەویش لە وەڵامدا وتی، “لەبەرئەوەی ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی رێنماییەکانین و وردەکارییەکان ناوترێن، چونکە هەموویان قابیلی گۆڕانکارین و کەی وەزارەت رێنماییەکانی پەسەند کرد وردەکارییەکەی دەخرێتەڕوو”.

بازاڕ بازاڕى تاکسییە

بازاڕ بازاڕى تاکسییە