ئاژەڵفرۆشان دەتوانن بچنە ئەوێ

مەیدانی نوێی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانی بۆ جەژن ئامادەیە

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

مەیدانی نوێی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانی بۆ جەژنی قوربان ئامادەیە و بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت، مەیدانەکە 10 دۆنمە و دوای ئەو دەست بە دروستکردنی بەشەکانی دیکە دەکەن.

مەیدانەکە کەوتووەتە پشتی بازگەی عەربەت و ناو گوندی یەک ماڵ، ماوەی ساڵ و نیوێکە کاری تێدا دەکرێت.

هاوڕێ عومەر حەمەکەریم، ئەندازیار و بەڕێوەبەری پڕۆژەکە بە 964ـی راگەیاند، پڕۆژەکە بە گشتی لەسەر 77 دۆنم زەوی دروست دەکرێت، کە جگە لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشان، قەسابخانە، خانی حەیوان، ژمارەیەک دوکان، کۆگای پێستە و عەلەف، بنکەی تەندروستی و پۆلیس و چێشتخانەی تێدا دەبێت و مەیدانی ئاژەڵی بچووک و گەورەش جیادەبێت.

وتیشی، “ئێمە بۆ جەژن مەیدانی ئاژەڵفرۆشەکان تەواو دەکەین و ئامادە دەبێت و بە ئاژەڵفرۆشەکانیشمان وتووە، ئیدی ئەوان نازانین ئاخۆ بۆ جەژن دێن یاخود دوای جەژن، چونکە ئێستا بەرەو جەژنی قوربانە و ئەوان زۆر سەرقاڵن”.

پێشتر قایمقامیەتی سلێمانی شوێنی ئاژەڵفرۆشانی ئێستای داخست و بەهۆی نزیکیی لە ئاوەدانی و پیسی و بۆنی مەیدانەکە بڕیاری دروستکردنی ئەو مەیدانە نوێیەی داوە کە دەکەوێتە دەرەوەی شاری سلێمانییەوە.

بەڕێوەبەری پڕۆژەکە وتیشی، “دوای تەواوکردنی مەیدانەکە دەست بە دروستکردنی قەسابخانە و بەشەکانی دیکەی پڕۆژەکە دەکەین و ماوەی ساڵ و نیوێک کاتی ئیشکردنمان ماوە”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی گردبونەوە

کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی گردبونەوە