ناسنامەی دیار نییە و تانکەرەش لانەبراوە

شۆفێری ئەو تانکەرەی لە شەقامی 120 مەتری وەرگەڕا گیانی لەدەستداوە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

شۆفێری ئەو تانکەرەی لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر وەرگەڕا، لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا سووتاوە و گیانی لەدەستداوە، تا ئێستاش ناسنامەی نەزانراوە.

درەنگانی شەوی رابردوو لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر و بەدیاریکراوی بەرامبەر شوقەکانی جیهان، تانکەرێکی پڕ لەبەنزین وەرگەڕا و ئاگرێکی گەورەی دروستکرد.

لە رووداوەکەدا تانکەرەکە بەتەواوی سووتا و شۆفێرەکەشی تیایدا گیانی لەدەستدا، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادیی هەولێر کراوە و هێشتا ناسنامەی نەزانراوە و دیار نییە کێیە.

ئەو سایدەی شەقامی 120 مەتری کە تانکەرەکە لێی وەرگەڕا، هێشتا نەکراوەتەوە و تانکەرەکەش لانەبراوە، بەیانی ئەمڕۆ قەرەباڵغییەکی زۆر لەسەر شەقامەکە دروستبوو، تیمەکانی هاتوچۆ لە هەوڵی ئەوەدان بە ئامێری تایبەت تانکەرەکە لاببەن و وەک خۆیان دەڵێن،بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەقامەکە بکرێتەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری