لە سنووری ئامێدی
لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە شەش ماڵ فیشەکیان بەر کەوتووە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە سنووری قەزای ئامێدی بەهۆ رووبەڕووبوونەوەی نێوان تورکیا و پەکەکە زیاتر لە شەش ماڵ فیشەکیان بەرکەوتووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
لە گوندەکانی”مێرستەک، سەرگەلێ، کوانێ، دێرێ” کە ئاوەدانن و بە بەردەوامی شەڕە تەقەی هەڕەمەکی لە نێوان تورکیا و پەکەکە لە دەورووبەری گوندەکان و چیای مەتین هەیە.
عەلی سپینداری هاوڵاتی گوندی مێرستەکە لە سنووری قەزای ئامێدی بە 964ـی وت، لە دوێنێوە بەهۆی شەڕەوە چەندین فیشەک بەر ماڵەکانی گوندەکە کەوتووە.
وتیشی، ئێواڕەی ئەمڕۆش زیاتر لە چەند ماڵێک فیشەک لە حەوشەکەیان کەوتووە، زیانی گیانی نییە، بەڵام دۆخی ناوچەکە ناسەقامگیرە و دڵەڕاوکێ بۆ هاوڵاتیان دروست بووە.
ئەمڕۆ شەممە 2024.6.8، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە سنووری قەزای ئامێدی بە 964ـى وت، ماوەی چەند هەفتەیەکە شەڕ لە گوندەکانی سنووری قەزای ئامێدی بەردەوامە، بەڵام لەماوەی ئەو دوو رۆژەدا فیشەک بەر ماڵەکان کەوتووە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت و تەنیا چەند زیانێکی مادی کەم هەبووە.
دەشڵێت، ”چەند رۆژێکە لە سنووری ناحیەی بامەڕنێش بە بەردەوامی چیاکانی دەورووبەر بۆردومان دەکرێت”.
بەقسەی ئەو سەرچاوە ئەمنییە، شەڕی نێوان چەکدارانی پەکەکە و تورکیا لە زنجیرەی چیایی مەتینا بەهۆی دانانی چەندین خاڵی سەربازی تورکیایە لەو سنوورە.
ژمارەی ماڵەکان لەو گوندانەی کە نزیکن و بەردەوام مەترسییان لەسەرە دەگاتە 250 ماڵ و هەمووشیان ئاوەدانن و هاوڵاتی سڤیلی لێ دەژی.
پێداچوونەوە: توانا نەقی