به‌هۆى خنكانه‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كان

هۆشدارى تووند ده‌درێته‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانى چۆمان

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

قایمقامی چۆمان، په‌یامێكی تووند بۆ خاوه‌ن شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانى سنووره‌كه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت، پابه‌ندی ئه‌م رێنماییانه‌ نه‌بن، سزا ده‌درێن.

په‌یامه‌كه‌ له‌دواى خنكانى كوڕ و باوكێك و دواتریش خنكانى مێردمنداڵێكی ته‌مه‌ن 13 ساڵانى دوێنێ دێت كه‌ له‌ ئاوى رووبارى ناوپردان بائاوداچوو و ئه‌مڕۆش به‌ ته‌رمه‌كه‌یان دۆزییه‌وه‌.

ئەحمەد بارزان عەلیکۆ، قایمقامی قەزای چۆمان داوا لە هاوڵاتییان و گەشتیاران دەکات نه‌چنه‌ سه‌ر رووباره‌كان چونكه‌ ئه‌م شوێنانه‌ جێگه‌ی دڵنیایی نین و بەهیچ جۆرێک نابێت گەشتیاران لە دەم ئاو و رووبارەکان نزیک ببنەوە.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، ئاستی ئاوی رووباری باڵەکایەتی زۆرە و نابێت گەشتیاران لە کاتی گەشتکردنیان بۆ سەیرانگەو هاوینەهەوارەکانی سنووری چۆمان بەهیچ جۆرێک لە رووبار و دەم ئاوەکان نزیک ببنەوە.

رووى له‌ خاوه‌ن شوێنە گەشتیارییەکانى سنووره‌كه‌شی كرد، ئه‌وانه‌ى كه‌پر و سه‌یرانگاى گه‌تیارییان هه‌یه‌ و نزیک رووباره‌كانن دەبێت ئەو شوێنانە تەلەبەند بکرێن و رێگە نەدرێت گەشتیاران و سەردانیکاران نزیکی رووبار بکەونەوە.

ده‌شڵێت “هەر سەیرانگاو کەپرێکی گەشتیاری پابەند نەبێت، مۆڵەتی کارکردنیان لێوەردەگرێتەوە و رێگەیان پێ نادرێت کاربکەن و لێپرسینه‌وه‌شیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت”.