دیمەنی سایلۆیەک نیشان دەدات کە ئامادەیە بەرهەمی گەنم وەربگرێت _ وێنە: 964
بۆ هەر دۆنمێک 236 کیلۆ
سایلۆی سەیدسادق، بە دەربەندیخان دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکات
ئەحمەد مستەفا
سایلۆی سەیدسادق لە رۆژی شەممەوە 8.6.2024، دەستدەکات بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، “هەر جوتیارێک پشتگیری کشتوکاڵی ناوچەکەی پێ نەبێت، گەنمی لێ وەرناگیرێت” ئەمە قسەی بەڕێوەبەری سایلۆکەیە بۆ 964.
بڕیارەکە بەجۆرێکە کە بۆ هەر دۆنمێک 236 کیلۆ گەنم وەردەگیرێ، سایلۆکە توانای وەرگرتنی 40 ھەزار تۆن گەنمی ھەیە، لە ھەریەک لە پارێزگای ھەڵەبجە و قەزاکانی سەیدسادق، شارەزوور، دەربەندیخان، پێنجوێن و ناحیەی ناڵپارێز و بەرزنجەوە جوتیاران گەنمی بۆ دەبەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6.6.2024، بەختیار عیزەت، بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق بە 964ی وت، “وەرگرتنی گەنم بەپێی ناوچە ناوچە دەبێت، لە رۆژی شەممە تا دووشەممە، تەنیا جوتیارانی قەزای دەربەندیخان دەتوانن گەنمەکانیان رادەستی سایلۆ بکەن”.
وەزارتی بازرگانیی حکومەتی عێراق وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی سنووردار کردووە، کە کۆی گشتی 700 هەزار تۆنە لە کاتێکدا بەرهەم لە سنووری یەک ملیۆن تۆنە، بەوەش گەنم تەنیا لەو جوتیارانە وەردەگیرێت کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ناوەکانیان نێردراوە بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق.
“داواکارین لە جوتیاران، سەردانی هۆبە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکانیان بکەن، بەمەبەستی هێنانی پشتگیری بۆ سایلۆکەمان، بە مەبەستی رادەستکردنی گەنمەکانیان، ئەگینا بە پێچەوانەوە گەنمیان لێ وەرناگیرێ” بەختیار عیزەت وای وت.