بەهۆی دروستکردنی ئاوەرۆکان

گەڕەکی کێستە و بەشێکی بازاڕی زاخۆ 10 رۆژ بێ ئاو دەبن

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

بەهۆی دروستکردنی ئاوەرۆکانی ناو بازاڕی زاخۆ، گەڕەکی کێستەی ناو بازاڕ و بەشێکی زۆری بازاڕی زاخۆ زیاتر لە 10 رۆژ بێ ئاو دەبن، کە زۆربەی ئەو دوکانانە چایخانە و نوسینگەی کڕین و فروشتنی زەوی و خانوون.

لە مانگی 11ـی ساڵی 2023 ئیدارەی زاخۆ بڕیاریدا ئاوەرۆکانی زاخۆ بەشێوەیەکی باشتر لە جاران نۆژەن یان دروستبکەنەوە، ئەویش دوای ئەو لافاو و کۆبوونەوەی ئاوەی بەهۆی بارانە بەلێزمەکانی ساڵانی پێشووتر ناوچەکەی دەگرتەوە ودەبووە هۆی لافاوێکی زۆر لە ناو سەنتەری بازاڕ.

هەربۆیە لەو مانگەوە دەستکرا بە دروستکردنی ئاوەرۆکان و ئەمە کوتا قۆناغی ئاوەرۆکانە کە لەبەشی خۆرئاوای بازاڕی زاخۆ دەڕژێتە سەر زێی خابوور.

ئەمرۆ چوارشەممە 5.6.2024، ماهر ئەحمەد، ئەندازیار و سەرپەرشتی پرۆژەکە بە 964 وت، “پرۆژەکە لە کوتا قۆناغیدایە و زیاتر لە حەوت مەتر زەوی بح هەڵدەکۆڵین، چونکە ئاستی شەقامەکان زۆر بەرزترە لە ئاوەرۆکان، بۆیە پێشبینی دەکەین 20 رۆژ تا مانگێک بخایەنێت بەڵام هەوڵ دەدەین بەهەماهەنگی فەرمانگەی ئاو بەشێوەیەکی کاتی ئاو بۆ ئەوان دابین بکەین”.

هاوکات، ساڵح حەسەن، بەرێوەبەری فەرمانگەی ئاوی زاخۆ بە 964 راگەیاند، “ئێمە ئامادەین بەشێوەیەکی کاتی ئاو دابین بکەین بەهۆی لەبەرچاوگرتنی دوخی ئەو هاوڵاتیانە و گەرمای بەهێزی ئێستا، بەڵام بەپێی تواناکانمان، داواشدەکەین خەڵک تەحەمولیان هەبێت ئەو ماوەیە، چونکە پرۆژەکان خزمەتگوزارین و هەر بۆ ئەوانن”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا