سەردانی بەڕێوەبەر و مامۆستاکانی قوتابخانەی هۆرمزیار بۆ لای قوتابییەکە _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
بەڕێوەبەرەکەی چۆن باسی گوندەکەیان دەکات؟
قوتابییەک نەشتەرگەری کردبوو کارتەکەیان بردە ماڵەوە بۆی
964+
ئەحمەد مستەفا
مژدە محەمەد، خوێندکاری قۆناغی پێنجەمی قوتابخانەی گوندی هورمزیاری بنەڕەتییە لە قەزای بازیان، ئەو بەهۆی ئەوەی نەشتەرگەری بۆ کرابوو نەیتوانی رۆژی وەرگرتنی کارتی کۆتایی ساڵ، بچێتە قوتابخانەکەی.
لە بەرانبەر ئەوەدا، بەرێوەبەر و مامۆستاکانی کارتی ئەنجامی کۆتایی ساڵیان بۆی بردە ماڵەوە و پێیان وت، “بە یەکەم دەرچوویت بۆ قۆناغی شەش”.
نوعمان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە کە مژدە لێی دەخوێنێت، وادیارە زۆر لە خەڵکی گوند و کەسوکاری زۆرێک لە قوتابییەکان رازییە، ئەو ئەمڕۆ سێشەممە 4.6.2024 بە 964ی وت، “مژدە رۆژێک پێش وەرگرتنەوەی ئەنجامەکان، نەشتەرگەری ریخۆڵەکوێرەی بۆ کرابوو، بڕیارمان دا خۆمان کارتەکەی بۆ ببەینەوە، کە لە رێگە بووین رێککەوتێکی باش بوو تا پێی بڵێین یەکەمی پۆلەکەشی بووە”.
هەر مژدە نا، بەڵکو خوشکەکەشی کە لە پۆلی سێی بنەڕەتی بووە، بە یەکەمی سەر ئاستی پۆلەکەی دەرچووە، “پەیوەندییەکی پتەو و خێزانی، پەروەردەیی و زانستیمان لەگەڵ گوندنشینان دروستکردووە، خۆم و مامۆستاکانمان هەوڵمانداوە متمانەیەکی باش لە نێوان قوتابییەکان و قوتابخانەکەیان، وە هەروەها قوتابخانە و کەسوکاری قوتابییەکان دروستبکەین، بەردەوامیش سەردانی دوو لایەنە هەیە”، مامۆستا نوعمان وای وت.
مامۆستا نوعمان و هاوپیشەکانی لەگەڵ خۆیاندا دیارییان بۆ مژدە بردووە، گوندی هورمزیار زیاتر لە 19 ماڵی تێدایە لە قەزای بازیان، قوتابخانەکەی لە قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی بۆ قۆناغی نۆیەمی بنەڕەتی قوتابی تێیدا دەخوێنن، ساڵی 2023 بۆ 2024، لە قوتابخانەکەدا 22 وانەیان خوێندووە.