دیمەنی سووتانی پەرێزێکی گەنم - وێنە: 964
لە چەند ناوچەیەکی هەرێم
تەنیا ئەمڕۆ زیاتر لە 100 دۆنم زەویی چێندراو بە گەنم سووتاوە
پێشەوا محەمەد
تەنیا ئەمڕۆ شەممە 1.6.2024 زیاتر لە 100 دۆنم زەویی چێندراو بە گەنم سووتاون و هۆکارێکی کەوتنەوەی بەشێک لە ئاگرەکان کەمتەرخەمی بووە.
نزیکی نیوەڕۆ ئاگرێک له دهغلودانی جوتیارانی گوندی مورتكهی نزیك قهزای قوشتهپه له ههولێر کەوتەوە و 60 دۆنم گەنمی کردووە بە قەرەبرووت.
یەکێک لە جوتیارەکان، کە زیانی ئاگرەکەی بەرکەوتبوو بە 964ـی راگەیاند، بڕیار بووە سبەینێ دەڕاسە بچێت و گەنمەکەی بدوورێتەوە.
نزیکی عەسر ئاگر لە بەرهەمی گەنمی جوتیارێک کەوتەوە لە گوندی “دولیجان ساڵح ئاغ” لە سنووری ناحیەی رۆڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش و نزیکەی 30 دۆنم زەوی سووتاوە.
بەرگریی شارستانیی ئاکرێ ئەوکاتە بە 964ـی راگەیاند، گەرمیی هەوای ئاگزۆزی بارهەڵگرێک لەناو گەنمەکەدا بووەتە هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە.
بەرەبەری ئێوارەش بەهۆی وەرگەڕان و سووتانی ئۆتۆمبێلێکەوە، “نزیکەی 20 دۆنم گەنم” لە سنووری گوندەکانی مەمەنداوە، قەرەتەپە و دێلێژە لە دەڤەری مەرگەی دوکان لە نزیک ئیدارەی راپەڕین سووتان.
کەوتنەوەی ئەو ئاگرانە لەکاتێکدایە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی رێنمایی خۆپارێزییان بۆ جوتیاران بڵاوکردووەتەوە و هۆشداریان لە بەکارنەهێنانی هەر کەلوپەل و ئامێرێک داوەم کە ببێتە هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە کاتی دروێنەدا.