ئۆتۆمبێلەکە هی جوتیارێک بووە

وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک بووە هۆی سووتانی 20 دۆنم گەنمی جوتیاران

ژێوار خدر – راپەڕین

بەهۆی وەرگەڕان و سووتانی ئۆتۆمبیلێکەوە، “نزیکەی 20 دۆنم گەنم” لە سنوری گوندەکانی مەمەنداوە، قەرەتەپە و دیلێژە لە دەڤەری مەرگەی دوکان لە نزیک ئیدارەی راپەڕین سووتان.

ئەمڕۆ شەممە 1.6.2024، عەلی قادر وتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین بە 964ـی وت، “تیمەکانمان ئاگادار کراونەتەوە، لە دەڤەری مەرگە بەهۆی وەرگەڕانی پیکابێکەوە چەند دۆنمێک گەنمی جوتیارانی ناوچەکە سووتاون”، ئەو دەڤەرە لەرووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای دوکانە، بەڵام بەهۆی نزیکی رێگاکەوە تیمەکانی بەرگری شارستانی راپەڕین ئاگادار کراونەتەوە.

بە قسەی وتەبێژەکەی بەرگری شارستانی، “بەڵام پێش گەیشتنیان بە شوێنی رووداوەکە، ئاگادار کراونەتەوە کە خەڵکی ناوچەکە خۆیان ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، بۆیە تیمەکەیان گەڕاونەتەوە و نەڕۆشتونەتە شوێنی رووداوەکە، هەر بۆیەش نازانن بەدیاری کراوی چەند دۆنم گەنم سوتاوە”.

بەڵام شایەتحاڵێک، لە دەڤەری مەرگەوە قسەی بۆ پەیامنێری 964 کردووە و وتوویەتی، “نزیکەی 20 دۆنم زەوی لە گەنمی جوتیاران سوتاوە و ئۆتۆمبێلەکەش هەر هی جوتیارێکی ناوچەکە بووە”.

964 زانیویەتی دەڤەری مەرگە تاوەکو ئێستا بنکەی  ئاگرکوژێنەوەی لێ نییە و ئەگەر رووداوێکی ئاگر کەوتنەوە رووبدات، دەبێت لە بەرگری شارستانی قەزای دوکان یان رانیەوە تیمی ئاگرکوژێنەوە بڕۆن بۆ کوژاندنەوەی هەر ئاگرێک لەوێ رووبدات.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا