تەقە لە درۆن کرا

“دەنگی چەکی قورس هاتووە”

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

ئەمڕۆ شەممە 1.6.2024 لە نزیک گوندی سگێری سەر بە قەزای ئامێدی دەنگی چەکی قورس و سووک هاتووە و خەڵکەکەی خستووەتە دڵەڕاوکێ و ترسی بۆ ناوچەکە دروست کرد.

گوندی سگێری بە دووریی پێنج کێلومەتر دەکەوێتە سەنتەری ئامێدی و بەردەوام لەلایەن فڕۆکەکانەوە بۆردومان دەکرێت و دەنگی بەهێزی شەڕ و بۆرودمانی تێیدا دەبیسترێت.

رەڤەند گوهەرزی، چالاکوان لە گوندی گوهەرز لە سنووری ئامێدی بە 964ی وت، بەیانی ئەمڕۆ کاتێک بەڕێکەوتین بۆ دەوامی ئاسایی خۆمان، لە ناوچەکە لە نزیک گوندی کوانێ گوێبیستی دەنگی شەڕی چەکی قورس بووین و ترس و دڵەراوکێی بۆ خەڵکەکە دروست کردبوو.

وتیشی، چەند رۆژێکە دۆخی ئەمنی گوندەکانی “سەرگەلی، کوانێ،سگێری” باش نییە و بەردەوام دەنگی تەقە دەبیسترێت.

پەیامنێری 964 لە سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ئامێدی پشتڕاستی کردەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە سگێری بیستراوە، دەنگی تەقەکردنێکی زۆر بووە و لەسەر چیای نزیک گوندی سگێری، تەقەیەکی زۆر کراوە بە چەکی قورس و چەکی بەهێز، چەند رۆژێک بوو دەنگی درۆن لەسەر گوندەکە دەبیسترا، کە هاتوچۆی ناوچەکە دەکرد.

سیداد ئۆرەماری، هاوڵاتییەکی گوندی سگێریە، بە 964ی وت، ئەمڕۆ لەلایەن ئەو هێزانەی لەسەر چیاکانی نزیک گوندەکەمان جێگیر کراون، هێرش کراوەتە سەر درۆنێک، کە نازانرێت هی کام لایەنە و هەوڵی خستنەخوارەوەی درۆنەکە دراوە، بۆیە هێزەکان بەیەکەوە تەقەیان لە درۆنەکە کرد.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنی درۆنێک کەوتە ناو گۆڕستانی گوندی کوانێ لە سنووری ئامێدی و تا ئێستا نازانرێت سەرچاوەی ئەم درۆنە کوێیە و هێزە ئەمنییەکان تا ئیستا هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام کەوتنە خوارەوەی درۆنەکە بێ زیان بوو، هەروەها سێ رۆژ پێش ئێستا گوللـەتۆپێک لە ناو گوندی گۆهەرز کەوتەوە و لە بەردەم ماڵی هاوڵاتییەک گوللـە تۆپەکە بینرا، بەڵام بی زیان بوو.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

لە ئامێدى درۆنێک کەوتە خوارەوە

لە ئامێدى درۆنێک کەوتە خوارەوە