یەکێک لە شەقامەکانى شارى هەولێر کە زێدەڕۆیى کراوەتەسەر... وێنە: شارەوانى هەولێر
شارەوانى بە خەستى دەستى پێکردووە
لە هەولێر هەرچى زێدەڕۆییە لا دەبرێت
وریا فەتاح
ئاگرکەوتنەوەکان ئەم ماوەیەى رابردوو، واى لە شارەوانیى هەولێر کردووە بە خەستى دەست بە کارکردن بکات بۆ رێکحستنەوەى بازاڕ و شەقامەکان، هەر بۆیە لیژنەکانیان شەو و رۆژ سەرقاڵى لابردنى زێدەڕۆییەکانى.
کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانیى هەولێر لە لێدوانێکى پێشووتردا بە 964ـى وت، “هەڵمەتەکە تەنیا بۆ رێکخستنەوەى شەقامەکانە لەو جەنجاڵییەى بەهۆى زێدەڕۆییەکانەوە دروستبووە، ئێمە شوێنیان بۆ دیارى دەکەین و نابینە رێگر لە کاروکاسپى هیچ کەس”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30.5.2024، لەلایەن تیمى شارەوانییەکانى چوار و پێنج، بەشێکی دیکەی زێدەڕۆیی لە گەڕەکی هەولێری نوێ و شەقامی 100 مەتری و شەقامی 120 مەترى لادران.
شەوى رابردووش، تەواوی بازاڕی شێخ مستەفا و دوکانەکانی چواردەوری قەڵات لە زێدەڕۆیی رێکخرانەوە، کە ئاستەنگى هاتوچۆیان بۆ هاوڵاتیان دروستکردبوو.
هەر لە هەڵمەتەکەدا، رۆژى سێشەممە 28.5.2024، تیمی شارەوانییەکانی سێ و چوار و پێنج و شەش، هەڵسان بە رێکخستنەوەی شۆستە و شەقامەکان و لادانی زێدەڕۆیی لە گەڕەکەکانی شێخ ئەحمەد، گوڵان، هەولێری نوێ، گەڕەکی راستی، ژیان، بەهاری کۆن، نەورۆز و کۆگاکانی پشت فاملی مۆڵ و بەشێک لە شەقامی 100 مەتری گەڕەکی باداوە .
هەڵمەتەکەى شارەوانیى هەولێر، رۆژانە بەردەوامیی دەبێت و پێشتریش بازاڕەکانى لەنگە و شێخەڵڵا و چەند شوێنێکى دیکە لە زێدەڕۆیى پاککراونەتەوە.