کۆبوونەوە دەکەن

پاسەکانی ناوشاری هەولێر دەبنەوە بە 500 دینار

شۆڕش هەرکی – هەولێر

دوای نزیکەی دوو ساڵ گرانبوونی هێڵەکانی گواستنەوەی ناوخۆ لە شاری هەولێر، قەرار وایە هەفتەی داهاتوو بەشی زۆریان هەرزان بکرێنەوە.

پێشتر بەهۆی گرانبوونی بەنزین و گاز، پاسی هێڵەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیان لە شاری هەولێر لە 500 دینارە وە بۆ 750دینار گرانکرا.

هەرزان دەکرێنەوە و دەبن بە 500 دینار

ئەمڕۆ پێنجشەممە 29.5.2024، عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی هەولێر بە 964ی وت،” لە هەوڵداین لەگەڵ بەرپرسی سەرجەم هێڵەکانی ناوخۆی ناوشاری هەولێر، بۆ ئەوەی کرێی گواستنەوەی هاوڵاتیان وەک جارانی لێبکرێتەوە و هەرزانبکرێت، لە چەند رۆژی رابردوو، چەند هێڵێک هەرزانیان کردووە”.

ئەوەشی وت، “هەفتەی داهاتووش کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵیان دەبێت و بەشی زۆری هێڵەکان لە 750دینارەوە بۆ 500دینار هەرزان دەکرێن”.

لە هەولێر هەزار و 70 پاس لە کاردان

بە قسەی بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی هەولێر، “لە رابردوو بەهۆی گرانبوونی بەنزین و گاز، لەگەڵ بەرپرسی هێڵەکان ئەو بڕیارەیاندا، ئێستاش نرخی بەنزین و گاز جێگیرە بۆیە نرخی گواستنەوەی پاسەکان وەک جارانی لێدەکرێتەوە”.

لەناو شاری هەولێر ژمارەیەکی زۆری پاس لە هێڵەکانی گواستنەوە کار دەکەن، کە ژمارەیان 31 هێڵی گواستنەوەیە و هەزار و 70 پاسن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا