لە کۆڕمۆرەوە هەتا دهۆک پێکەوە بەستراوەتەوە
شێخ باز بەرزنجی: تۆڕی گازی سروشتی کوردستان بە تەواوی پێکەوە گرێدرایەوە
964+
ژووری هەواڵ
تۆڕی گازی سروشتی کوردستان بە تەواوی پێکەوە گرێدرایەوە، هەموو ئەو گازە سروشتییەی لە کوردستان بەرهەمدێت، هەر لە کۆرمۆرەوە هەتا دهۆک بە یەک تۆڕی فراوانی بۆری پێکەوە بەستراوەتەوە، ئەمە ئەو زانیارییەیە کە شێخ باز بەرزنجی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کار گروپ لەسەر تۆڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە.
شێخ باز ئاماژەی بەوە کردووە ئێستا بە هەمان تۆڕ گازی سروشتی کوردستان دەگاتە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباو کارگەو وێستگە پیشەسازییەکان و نوسیویەتی ‘ ئەم هەنگاوە جگە لەوەی گەیشتنە بە قۆناغێکی گرنگ لە ئاسایشی وزە، هاوکات کۆڵەکەیەکی گرنگ و پڕ بایەخ دەبێت بۆ بوژاندنەوەی زیاتری کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان”.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان رۆژانە 900 هەتا 1000 مەتر پێ سێجا گازی سروشتی بەرهەم دەهێندرێت، ئەم ژمارەیە هەتا شەش ساڵ پێش ئێستا تەنیا 350 مەتر پێ سێجا بوو لە رۆژێکدا، بەڵام ئێستا تەنیا لە کۆرمۆر گەیشتووینەتە 750 مەتر پێ سێجا لە رۆژێکدا، سەرچاوەی ئەم زانیارییە ئەحمەد موفتی بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانە.
ئەو گازە سروشتییەی ئێستا لە کوردستان بەرهەمدێت بۆ پێداویستی ناوخۆیە، ئیتر لە بری ئەوەی بە تانکەرو رێگا زەحمەتەکان بگوازرێتەوە، بە تۆڕێکی یەکگرتوو هەم دەگات بەو وێستگانەی کارەبا بەرهەم دەهێنێت و هەم دەگاتە بەو کارگانەی بە گازی سروشتی کار دەکەن.
ئەحمەد موفتی بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رۆژی 13ی ئەم مانگە لە دیداری مێری وتی ”عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە 3 هەزار ملیۆن مەتر پێ سێجا گاز بەرهەم دەهێنێت، کە زیاتر لە 35%ی کۆی گازی هەموو عێراق لە هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت”.
بابەتەکە هەر گازی سروشتی نییە، ئێستا بۆ نەوتیش عێراق بەشێکی زۆری کارەکانی لە رێی هەرێمەوە رایی دەبێت، شێخ باز لە تویتەکەیدا نوسیویەتی ”ئەو نەوتەی سۆمۆ هەناردەی دەکات لە رێی بۆری نەوتی کوردستانەوە لە 250 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بەرزبووەتەوە بۆ 500 هەزار بەرمیل، خۆ ئەگەر بگاتە ئەو پەڕی توانای هەناردە کردنی خۆی کە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا، ئەوا بە نزیکەیی 33% نەوتی هەموو عێراق لە رێی بۆری نەوتی کوردستانەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت”.
هەتا پێش شەڕەکەی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، عێراق هەموو رۆژێک سەروو سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە بەندەرەکانی بەسرەو ئوم قەسرەوە بە رێگای تەنگەی هورمز دەناردە بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش بە نزیکە 90%ی نەوتی هەناردەکراوی عێراقی پێکدەهێنا، بەڵام رۆژی 28ی شوبات تەنگەکە داخراو رێی ناردنی نەوت لە عێراق گیرا، راستە ئێستا بەشێک لە جموجۆڵەکانی نەوت دەستی پێکردووەتەوە، بەڵام بۆری نەوتی کوردستان بەشێوەیەکی باش فریای عێراق کەوتووەو بەشێک لە نەوتەکەی بۆ دەنێرێتە بەندەری جەیهانی تورکی و لەوێوە بە بازاڕەکانی جیهان دەگات.