بازاڕی شیلک لە سلێمانی. وینە :964
سنە زۆرترین بەرهەمی هەیە
چوار پارێزگای رۆژهەڵات زۆرترین شیلکی ئێرانی لێ بەرهەمدەهێندرێت
پێشەوا محەمەد
هەریەکە لە پارێزگاکانی سنە، کامیاران، مەریوان و سەروئاباد زۆرترین شیلکی ئێرانی لێ بەرهەمدەهێندرێت، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کوردستان دەڵێت، 62%ـی بەرهەمی شیلکی ئێرانیان هەیە.
ئێستا کە وەرزی بەرهەمی شیلکە لە وڵاتی ئێران، جوتیاران دەستیان بە لێکردنەوەی ئەو بەرهەمە کردووە.
زاهید حاجیمیرزایی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کوردستان بە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی راگەیاندووە، تەنیا پارێزگای سنە 65 هەزار تۆن بەرهەمی شیلکی هەیە و رەوانەی تەواوی پاریزگاکانی دیکەی ئێران دەکرێت.
وتیشی، “رووبەری چاندن بە شیلک لەو پارێزگایانە سێ هەزار و 600 هێکتارە و ساڵانەش 200 هێکتاری دیکە بۆ بەرهەمهێنان زیاد دەکرێت”.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ئاژانسە ئێرانییەکە دراوە، لەو چوار پارێزگایە 17 هەزار جوتیار سەرقاڵی بەرهەمهێنانی شیلکن.
“%62ـی بەرهەمی شیلکی ئێران لەو پارێزگایانە بەرهەم دەهێندرێت و داهاتێکی باشیان بۆ دەستەبەر دەکات و تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو پڕۆسەی ڕنینەوەی بەرهەمەکە بەردەوام دەبێت”، ئەوەش وتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کوردستانە.