موحسین ره‌زایی: هیچ دانوستانێكمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا نییه‌

“بانگەشەی ئەمریکا سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئێران درۆیەکی رووتە”

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر جۆرە دیدارێکی نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵاتی رەتکردەوە و رایگه‌یاند، تا حه‌وت مه‌رجه‌كه‌ی ئێران قبوڵ نه‌كرێت، دانوستان ناكه‌ن و گه‌رووی هورمزیش ناكه‌نه‌وه‌.

ئاژانسی هەواڵی “فارس”، بڵاویكرده‌وه‌ لیوا موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی لەوە کردەوە، وەڵامی ئەمریکا بۆ مەرجەکانی تاران فێڵبازانەیە.

رەزایی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی هەواڵی ئەلمەیادین رایگەیاندووه‌: داوامان لە ئەمریکییەکان کردووە وەڵامێکی راشکاو و روون بۆ مەرجەکانمان بدەنەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ نەیانداوەتەوە، رەنگە لە داهاتوودا وەڵامێکی لەو شێوەیە بدەنەوە”.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی ئێران حەوت مەرجی خۆی پێشکەش کردووە، روونی کردەوە، “ئێمە چاوەڕوانی وەڵامی ئەمریکاین، بەڵام وەڵامی سەرەتایی ئەوان بۆ ئێمە بەس نەبوو”.

رەزایی گومانی خستە سەر بانگەشەکانی ئەمریکا سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئێران و جەختی کردەوە، “هەموو بانگەشەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بەردەوامیی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران و بەستنی کۆبوونەوە لە قەتەڕ، درۆیەکی رووتە”.

ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، هه‌روه‌ها وتی، سەرجەم بانگەشەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بەردەوامیی دانوستان لەگەڵ ئێران، بە مەبەستی کەمکردنەوەی گوشاری ئابووری و دابەزاندنی نرخی نەوتە.

ئاشكراشی كرد، لێدوانەکانی پەیوەندیدار بە دەنگۆی پلاندانان بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا جەی دی ڤانسی بە تەواوی ناڕاست و بێ بنەمان.

ره‌زایی ده‌ڵێت، کۆماری ئیسلامی ئێران حەوت مەرجی خۆی هه‌یه‌، کە مافی رەوای گەلی ئێرانه‌، تا ئەو کاتەی ئەم مەرجانە جێبەجێ نەکرێن، گەرووی هورمز ناکرێتەوە و ئێستاش هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکییەکان لە ئارادا نییە.