تێچووی داواکاری پەنابەری دەگاتە 11 ملیار پاوەند

بەریتانیا وەڵامی دایەوە؛ قاچاخچییەکان دەکەینە ئامانج و بازرگانییەکەیان تێکدەشکێنین

964+
ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دان بەوەدا دەنێت، ناتوانن تەواوی سنورەکان لە بەردەم لێشاوی پەنابەر کۆنتڕۆڵ بکەن، دەشڵێ، “پلانی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا بە ئامانجکردنی قاجاخچییەکان لەو مامەڵە خراپەی بەرامبەر پەنابەران دەیکەن”.

وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە، هەڵسەنگاندنی بۆ کاریگەرییەکانی یاسای کۆچی نائاسایی، تێچووی شوێن و حەوانەوەی داواکارانی پەنابەریی کردووە کە “هەتا ساڵی 2026 دەگاتە 11 ملیار پاوەندی بەریتانی” لەساڵێکدا.

پەنابەران لە تاو توندوتیژی هەڵاتوون، بەریتانیا نابێت ژیانیان بخاتە مەترسییەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 28.5.2024، دەشتی جەمال سەرۆکی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەران بە 964ی وت، “وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا وەڵامی نامەیەکی نارەزایەتی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق و رێکخراوەکانی پەیوەست بە داکۆکی لە مافی پەنابەر و کۆچبەرانی دایەوە کە لە 16.5.2024 ئاڕاستەمان کردبوون”.

لە نامەکەدا داواکرابوو، “حکومەتی بەریتانیا پلانی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا رابگرێ”. باسیانلەوەشکردبوو، “جێگای قبوڵ نییە کە حکومەتی بەریتانیا رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی رواندا کردبێت و یاری بە ژیانی ئەو پەنابەرانە بکات”.

لەنامەکەدا نوسرابوو،” ئێمە داواتان لێدەکەین رێز لە مافی هەموو پەنابەران بگرن، و یاری بە داهاتوویان نەکەن لە کاتێکدا کە زۆرێك لە پەنابەران لە وڵاتانێک هەڵدێن کە بەدەست شەڕ و توندوتیژییان دەناڵێنێت، بەریتانیا نابێت ژیانی ئەو کەسانە بخاتە مەترسییەوە”.

پلانی رواندا قاجاخچییەکان دەکاتە ئامانج و بازرگانییەکەیان تێکدەشکێنی

بەپێی رەشنووسی نامەکە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە وەڵامی نامەی فیدراسیۆن و رێکخراوەکاندا نووسیویەتی، “جموجۆڵی زۆری کۆچبەری نایاسایی، کە لەلایەن قاچاخچیەکانەوە رێکدەخرێت، دەبێتە بارێکی گران بەسەر سیستەمی نێودەوڵەتی پەنابەرییەوە، هاوبەشی کۆچ و گەشەپێدانی ئابووری بەریتانیا، لەگەڵ رواندا ئامڕازێکە لە پلانێکی گەورەتر و فراوانتری حکومەت بۆ وەستاندن و پەکخستنی ئەو بازرگانیە خراپ و پیسە”.

وەزارەتەکە دەڵێت، رێککەوتنی رواندا، “قاچاخچییەکان دەکاتە ئامانج و ئەو شێوە بازرگانیەیان تێک دەشکێنێ لە رێگەی سوود وەرگرتن لە هاوکاری نێودەوڵەتی”.

دەقی وەڵامی نامەکەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بۆ فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق، وەکخۆی؛

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێڕاقی
5 Caledonian Road, Lonon, N1 90x

DECS Reference: TRO/1147274/24
ئازیزانم: فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێڕاقی

سوپاس بۆ نامەکەتان لە 16ی ئایار سەبارەت بە هاوبەشی کۆچ و گەشەپێدانی ئابووری بەریتانیاMEDP لەگەڵ ڕواندا. هەروەها من دڵنیام کە ئێوە پێدەزانن کە وەزیری ناوخۆ ڕۆژانە بڕێکی زۆر نامە وەردەگرێت و هەر بۆیەشە کە ناتوانێت بە شێوەیەکی شەخسی وەڵام بە هیچ نامەیەک بداتەوە کە وەری گرتووە! ئەو ئیمێڵەی ئێوە ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ کراوە و لە لایەن بەرپرسێکی سیاسیشەوە وەڵام وەردەگرنەوە!

جموجۆڵی زۆری کۆچبەری نایاسایی، کە لەلایەن قاچاخچیەکانەوە ڕێکدەخرێت، دەبێتە بارێکی گران بەسەر سیستەمی نێودەوڵەتی پەنابەرییەوە! هاوبەشی کۆچ و گەشەپێدانی ئابووری بەریتانیا MEDP لەگەڵ ڕواندا ئامڕازێکە لە پلانێکی گەورەترو فراوانتری حکومەت بۆ وەستاندن و پەکخستنی ئەو بازرگانیە خەراپ و پیسە، کە قاچاخچیەکان دەکاتە ئامانج و ئەو شێوە بازرگانیەیان تێک دەشکێنێ لە ڕێگەی سوود وەرگرتن لە هاوکاری نێودەوڵەتی و شێوازو تاکتیکی تازەو تێکدەرانە.

شکەستهێنان لەو هەنگاوەماندا تێچووی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت- بە پێی هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی یاسای کۆچی نائاسایی، تێچووی شوێن و حەوانەوەی داواکارانی پەنابەریی هەتا ساڵی 2026دەگاتە 11 ملیار پاوەندی بەریتانی لەساڵێکدا. بۆیە ئەوەیان تەنها بەلابردن و نەهێشتنی نیشتەجێبوونی کۆچبەرانی نایاسایی لە بەریتانیادا دەهێنرێتە دی. ئایا ئێمە دەتوانین سنوورەکانمان کۆنترۆڵ بکەین و ژیانی خەڵک لە دەریادا ڕزگار بکەین؟
وەک دەزانن، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی شاهانە (Assent Royal) بۆ بڕیاری یاسای سەلامەتی ڕواندا ( یاسای پەنابەریی و کۆچبەریی بۆ ساڵی 2024) هاتە بواری جێبەجێکردنەوە کاتێک کە ئیتیفاقیەی نێوان بەریتانیاو ڕواندا لە 25نیسانی 2024 دا ئیمزا کرا!

ئەو ئیتیفاقیە نێودەوڵەتیە یاساییە لەگەڵ ڕواندا کە لە ٥ی دێسەمبەری 2023 دا ئیمزا کرا، بە شێوەیەکی فەڕمی باس لە ئەنجامەکانی دادگای باڵا دەکات بە هێنەکایەی ڕێوشوێنێک کە ڕوونی دەکاتەوە کە ڕواندا کەس ناگەڕێنێتەوە بۆ وەڵاتێک کە نا ئارام و جێی مەترسی بێت بۆ سەرژیانی کەسەکە.
بە پێی ئەو ئیتیفاقیە، ڕواندا هەستاوە بە بەهێزکردنی یاسای پەنابەریی گشتی لە ڕێگەی دەرکردنی یاسایەکی ناوخۆیی و هەروەها درووستکردنی دەزگایەکی تانەدانی پەنابەریی بۆ ڕەچاوکردنی تانەدانی تاکەکەسی لە بەرامبەر هەرداواکارییەکی پەنابەریی کە ڕەتبکرێتەوە. ئەو دەزگایە دوو هاوسەرۆکی دەبن کە یەکێک لە ڕوانداو یەکێکیش لە وەڵاتێکی کۆمۆنوێلسەوەیە. هەروەها دادوەرەکانی تێکەڵەیەک دەبن لە نەتەوە جیاوازەکان. ئەو دەزگایە دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کە یەکلایی کردنەوەی کۆتایی داواکاریەکانی پەنابەریی بابەتیانەو بێلایانە دەبن.

هەروەها ئەو ئیتیفاقیە ڕۆڵی لیژنەی سەربەخۆی چاودێری بەرزدەکاتەوە، کە ئەو لیژنەیە دڵنیایی دەدات بە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی ئەرکەکان بە پێی ئەو ئیتیفاقیە، هەروەها ئەو لیژنەیە هێزێکی تەواوییشی هەیە بۆ دیاریکردنی ئەو شوینانەی کە ئەولەویەتیان هەیە بۆ چاودێری کردن! ئەو ئیتیفاقیە شانبەشانی یاسای سەلامەتی ڕواندا کاردەکات. کە ئەو یاسایەش دڵنیایی دەدات کە وەڵاتی ڕواندا سەلامەتە کە پەنابەری بۆ بهێنرێت! ئەمەش ئەوە دەگەێنێت کە دەبێ یاسادانەران مامەڵە لەگەڵ ڕواندادا وەک وەڵاتێکی سەلامەت بۆ پەنابەران بکەن بۆ ئەوەی خەڵکی پەنابەری بۆ بگوێزرێتەوە!

یاسای سەلامەتی ڕواندا ، گرفت و ئاستەنگی ناپێویست سنووردار دەکات و لە هەمانکاتیشدا دەسەڵات و توانا دەداتە یاسا دانەران و دادگاو دادگا باڵاکان بۆ ئەوەی، کە سەررەڕای ئەو پارێزبەندیانە کە لە ئیتیفاقیەکەدا هەن، ئەو داواکاریانە لەبەرچاوبگرن ئەگەر بەڵگەی سەلمێنەر هەبوو کە گوایە ڕواندا سەلامەت نیە بۆتاکە کەسێک لەبەر هەندێک باردوخی تایبەت بە کەسەکەوە. بەڵام ڕێگە بە داواکارییەک نادرێت کە بڵێت یان گوایە وەڵاتی ڕواندا لەوانەیە تاکە کەسێک لە ڕوانداوە بگوێزێتەوە بۆ وەڵاتێکی تر بە پێچەوانەی ئەرک و فەرمانە نێودەوڵەتیەکانی. ئیتیفاقیەکە ئەو مەترسیەی لابردووە! داواکاری کەسێک بۆ وەستاندنی گواستنەوەیان تەنها کاتێک گوێی لێدەگیرێت کە ئەو کەسە بتوانێت بیسەلمێنێت کە گواستنەوەیان مەترسی ڕاستەوخۆ و جدی دادەنێت لەسەر ژیانی ئەو کەسە! یاساکە زیاتر پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوە کە تەنها وە بە تەنها وەزیری تاج(Minister of the Crown) دەتوانێت بڕیاری ئەوە بدات کە ئاخۆ بەریتانیا پابەند دەبێ بە ڕێکارێکی کاتیی کە دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مڕۆڤ دەریکردووە!

سەرنجی حکومەت ئێستا لەسەر هێنانە بواری جێبەجێکردنی ئەو ئیتیفاقیەیە یان جێبەجێکردنی هاوبەشیی لەگەڵ ڕواندایە بۆ ئەوەی بتوانین گەشتە ئاسمانیەکان دەست پێبکەین. بۆیە تا زووتر دەست بکەین بە گواستنەوەی خەڵک بۆ ڕواندا، ئێمە خێراتر دەتوانین مۆدێلی بازرگانیی باندە قاچاخچیەکان تێکبدەین و لە ناوی بەرین و هەروەها نیشانیش بدەین کە ئیتر ئەنجامدانی گەشتی مەترسیدارو نائاسایی و ناپێویست بۆ بەریتانیا بژاردەیەکی باش و درووست نیە بۆ چوونە ناو سیستەمی پەنابەریی بەریتانیاوە!
جارێکی تر سوپاستان دەکەین بۆ کاتی نووسین و هەروەها من هیوادارم کە ئەو وەڵامە هەڵوێستی حکومەت ڕوون بکاتەوە!

لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزمان
تیمی هاوبەشی کۆچ و گەشەپێدانی ئابووری

ئیتاڵیا و بەریتانیا پەنابەران بۆ دەرەوەی وڵاتەکانیان ...

ئیتاڵیا و بەریتانیا پەنابەران بۆ دەرەوەی وڵاتەکانیان دەنێرن

هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا و هەزار و 500ی دیکە ل...

هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا و هەزار و 500ی دیکە لە یۆنانن