ساغکردنەوە
دەنگە گەورەکەى پێنجوێن تەقینەوە بوو
کامیار کەمال ــــ پێنجوێن
دەنگێکى گەورەى تەقینەوە لە پێنجوێن بیسترا، دواى بەدواداچوونى 964 دەرکەوت کە دەنگەکە تەقینەوەى چوار پاشماوەى جەنگى بووە کە لەلایەن تیمى دەزگاى مینەوە تەقێنراونەتەوە.
عومەر عەلی سەرۆک تیم لە بەشی لابردنی مین بە 964ـى راگەیاند، دەنگەکە هى کاتى تەقاندنەوەى چوار پارچە تەقەمەنى بووە کە بەشێوەیەکى زانستى لە نزیک پێنجوێن تەقێنرایەوە.
باسى لەوەشکرد، تەقەمەنییەکان لە زەوییەکى کشتوکاڵیدا دۆزراونەتەوە کە پێشتر شەڕگە بووە و پاشماوەی دیکەشى تێدا دۆزراوەتەوە، بەڵام لە ئێستادا ئەو شەڕگەیە زەوی کشتوکاڵییە و ساڵی رابردوو پەتاتەی تێدا بەرهەمهێندراوە.
“ئەو پاشماوە تەقەمەنییانەى دۆزراونەتەوە ناوە زانستییەکەیان blue-63، لە جۆرى کڵپەدار بوون و پێشتر لە گومان دەکرێت بگەڕێتەوە بۆ سەردەمى شەڕى عێراق-ئێران، لە رێگەى فڕۆکەوە خراونەتە خوارەوە، بەڵام نەتەقیونەتەوە و لە شەڕگەکەدا مابوونەوە”، عومەر عەلى واى وت.
وەک ئاشکراى دەکات، ساڵى رابردوو هەمان جۆرى تەقەمەنى بە جوتیارێکدا تەقییەوە کە سەرقاڵى کێڵانى زەوییەکەى بوو و دەستبەجێش گیانى لەدەستدا.
پێنجوێن ناوچەیەکی سنورییە و لە کاتی شەڕی عێراق و ئێراندا چۆڵکراوە و شەڕگا بووە و بەوهۆیەوە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە رووبەری پێنجوێن بە مین چێندراوە و جگە لە بوونی پاشماوەی تەقەمەنی دیکە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح