ژنە پاسەوانێکی فێستیڤاڵی کان ئاژاوە دەنێتەوە

+964

ژووری هەواڵ

فەرشی سور و بەزم و رەزمی خەڵاتەکانی کان کۆتایی هات، بەڵام دەمەقاڵێ و رەفتاری ژنە پاسەوانێکی فێستیڤاڵەکە دەنگدانەوەی لێدەکەوێتەوە.

ماسیل تاڤێراس شاجوانی پێشووی دۆمینیکان درێسێکی رەشی پۆشیبوو، لەگەڵ رێکردن بەسەر فەرشە سورەکەی کاندا عەبایەکی سپی درێژی بە شانیدا دابوو کە وێنەی عیسا پێغەمبەری مەسیحییەکانی تێدا نەخێشێندرابوو .

تاڤێراس دەیویست کاتێک بەسەر پلیکانەکان سەردەکەوێت بۆ ناو هۆڵی فێستیڤاڵ، تەواوی میوانان نەخشی عەباکەی ببینن، بەڵام ژنە پاسەوانەکە هەوڵیدەدا بەرێی بکات و عەباکەی کۆبکاتەوە.

بەم رەفتارە تاڤێراس توڕە دەبێت و دەبێتە دەمەقاڵێکی لەگەڵ ژنە پاسەوانەکە، بە توندیش عەباکەی لەدەستی پاسەوانەکان وەردەگرێت و بەسەر پلیکانەکاندا بڵاویدەکاتەوە.

ئەم ژنە پاسەوانە تەنیا تاڤێراسی توڕەنەکرد، بەڵکو چەند رۆژێک پێشتریش گۆرانیبێژی ئەمریکی کێڵی ڕۆڵاندی توڕەکرد، بەهۆی ئەوەی پەلەی لێدەکرد و رێگای نەدا دەست بەرز بکاتەوە و سڵاو لە میوانان و هەوادارانی بکات، ئەم رەفتارەی ژنە پاسەوانەکە بە رەگەزپەرستی ناوبرا و دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و دەیانوت بەهۆی رەنگی پێستیەوە ئەو کارەی بەرامبەر کردووە.

سەرەڕای ئەوەی تەواوی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و وێبسایتەکان بوونەتە ناوی ژنە پاسەوانەکەی فێستیڤاڵی کان، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی ئاشكرا نەکراوە.