بە گوژمەی نزیکەی سێ ملیار

رێگای گوندەکانی قەندیل قیر دەکرێن

964+

محەمەد عەلی ــ پشدەر

ئەمڕۆ دووشەممە، پردەکەی دەربەندی رانیە لە لایەن وەزیری ئاوەدان کردنەوەوە کرایەوە، هەر لەوێش ئەوە بووە خێر بۆ بڕیاردان لەسەر قیرتاوکردنی رێگاکانی بناری قەندیل لە پشدەر.

بەکر بایز، قایمقامی پشدەر بە 964ـی وت، “دانیشتووانی گوندەکانی بناری قەندیل، لە رابردوودا داوایان لە وەزیری ئاوەدانکردنەوە کردبوو رێگای گوندەکانیان بۆ قیرتاو بکرێت، بڕیاردراوە لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای گوندەکانیان بکرێت، لەسەرداوای دانیشتوانی گوندەکان ئەمڕۆ سەردانمان کردن، بۆپێزانین و دەستخۆشی کردنیان، لەو بڕیارەی کە بۆیان دەرچووە.

وتیشی، رێگای گوندەکانی قەندیل خۆڵن ناوچەیەکی شاخاویە ساڵانە بارانێکی زۆر دەبارێت و ئاستەنگی هاتوچۆیان بۆ دروست دەبێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە دەستبەکار دەبێت، دەست بە قیرتاوکردنیان دەکرێت.

بۆ زانیاری زیاتر 964 قسەی لەگەڵ ئومێد حەمە، بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبانی راپەڕین کرد و وتی، “پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگایەکە، چینێک تێکەڵە و چێنێک بەردی شکاو و چینێک قیری بۆ دەکرێت، ئەو شوێنانەی هەورازە کۆنکرێت دەکرێت، هەندێ شوێن پێویستە دیواری کۆنکرێت و ئاوبارەی بۆ بکرێت، رێگاکە لە کورتەکەوە دەست پێدەکات، بۆ بڕەدێ و بەرکوڕان و سورەدێ و کۆتاییەکەی بۆ قڕناقە دەبێت.

“پڕۆژەکە دەرچووە و دراوە بە کۆمپانیا، ماوەتەوە ئەو کۆمپانیایەی وەریگرتووە، بچێت لەگەڵ وەزارەت گرێبەست بکات و بێتەوە لای ئێمە دەست بەکار ببێت، لە دوو هەفتە داهاتوودا دەست دەکرێت بە دەستپێکردنی پڕۆژەکە” بەڕێوەبەری رێگاوبانی راپەڕین وای وت.

پڕۆژەی قیرتاوکردنی گوندەکانی بناری قەندیل، بەدرێژایی 11 کلیۆمەتر و نیو دەرچووە، بە گوژمەی دوو ملیار و 789 ملیۆن دینار، ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە 520 رۆژە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

جادەوبانی سەنگەسەر قیرڕێژ کرا

جادەوبانی سەنگەسەر قیرڕێژ کرا