ئاژەڵەکانی سنوورەکە دەرمانڕێژ دەکرێن
هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی تای خوێنبەربوون لە رواندز دەستیپێکرد
+964
ئاکام غەفور-رواندز
لە گوندەکانی سنوری قەزای رواندز ڤێتێرنەری شارەکە هەڵمەتی بەرنگاربونەوەی تای خوێنبەربوونی دەست پێکردوە.
لە سنوورەکە 52 گوند بونی هەیە، لە هەموو گوندەکان ئاژەڵدار هەیە، هەڵمەتەکە رشاندنی هۆر و حەسار و دەرزی لێدانی رەشەولاغ و شوشتنەوەی مەڕ و بزن دەگرێتەوە.
964 دەزانێت، تیمێکی پێنج کەسی کارەکە ئەنجامدەدەن، هەر رۆژەو سەردانی گوندێک تاکو دوو گوند دەکەن، ئەمڕۆ لە گوندی ئاکۆکەون بونە بەیانی نۆرەی گوندی ئاکۆیانە.
دکتۆر زاهیر تاهیر، بەڕێوەبەری بنکەی ڤێتێرنەری رواندز بە 964ـی وت، “دوو رۆژرە هەڵمەتەکەمان دەستپێکردوە، پلانەکە وایە لە ماوەی مانگێک سنورەکە تەواو بکەین، بە هەڵمەتەکە رێگریدەکەین لەو گەنەی لەسەر ئاژەل هەیە و لە ناوی دەبەین”.
دەشلێت، ساڵی رابردو هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە سنوری رواندز تۆمار نەکراوە، ئامانجیانە ئەمساڵیش بتوانن کۆنتڕۆلی پەتاکە بکەن و نەهێڵن هیچ کەسێک توش ببێت.
ڤێتێرنەری رواندز لە رێگای 964ـەوە، داواکاری لە ئاژەڵداران هەیە و دەڵێن، “پێویستە ئاژەڵدارن هاوکارمان بن کە سەردانی گوندەکان دەکەین یارمەتیمان بدەن و ئاژەڵەکانیان لە ماڵەوە بهێڵنەوە لە رۆژی چونمان بۆ گوندەکە، بۆ ئەوەی بتوانین بە کاتێکی کەم کارەکانمان بکەین و هەڵمەتەکە لە بەرژەوندی ئەوانە بۆ پارستنی گیانی ئاژەڵدارانە”.
بەپێی ئەو ئامارانەی 964 لە ڤێتێرنەری رواندز دەستی کەوتوە، لە سنورەکە 24 هەزار سەر ئاژەڵ بونی هەیە، کە مانگە و بزن و مەڕن.
ساڵی رابردوو لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، شەش حالەتی تای خوێن بەربون تۆمار کران، لەو ژمارەیەش سێ کەس گیانیان لەدەستدا.